له برادۆست په‌كه‌كه و سوپای توركیا له شه‌ڕێكی سه‌ختدان
K24- هه‌ولێر:
له به‌یاننامه‌یه‌كدا، پارتی كرێكارانی كوردستان په‌كه‌كه رایگه‌یاند، له شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و هێزه‌كانی توركیا، له ناوچه‌ی برادۆست، 18 سه‌ربازی توركیا كوژران.
له به‌یاننامه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه كراوه، "ئه‌مڕۆ شه‌ممه، ئه‌و هێزانه‌ی توركیا كه به‌ر له‌ماوه‌یه‌ك له ناوچه سنوورییه‌كانی ناحیه‌ی سیده‌كان له ده‌ڤه‌ری برادۆست جێگیركراون، سێ جار هێرشیان كردۆته سه‌ر باره‌گاكانی په‌كه‌كه" و گوتیشی، "گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه رووبه‌ڕووی هه‌رسێ هێرشه‌كانی سوپای توركیا بوونه‌ته‌وه و له ئه‌نجامدا 18 سه‌ربازی توركیا كوژراون".
پارتی كرێكارانی كوردستان ئاشكراشیكرد، "له‌و شه‌ڕ و رووبه‌ڕوو بوونه‌وانه‌دا 2 گه‌ریلا گیانیان له‌ده‌ستداوه" دووپاتیشی كرده‌وه، "سوپای توركیا هێرشه‌كانی به پاڵپشتی فڕۆكه جه‌نگییه‌كان ئه‌نجامده‌دات".
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته، ئیحسان چه‌له‌بی، به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان به ماڵپه‌ڕی كوردستان 24ی راگه‌یاند، ماوه‌ی دوو رۆژه شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له‌نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه و هێزه‌كانی سوپای توركیا له‌و ناوچانه چڕتر بوونه‌ته‌وه و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا به به‌رده‌وامی به ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕێنه‌وه. جه‌ختیشی كرده‌وه، كوژراو و بریندار له هه‌ردوولا هه‌ن، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی شه‌ڕ تێیاندا ده‌گوزه‌رێت ئاوه‌دان نییه، هیچ ئامارێك له‌باره‌ی ژماره‌ی قوربانیان نازانرێت و گوتیشی، هه‌ر ژماره‌یه‌ك كه بڵاو ده‌كرێته‌وه، گوزارشت له ژماره‌ی راسته‌قینه ناكات.
چه‌له‌بی جه‌ختیشی كرده‌وه، هێزه‌كانی توركیا له هه‌ندێ شوێنی وه‌ك گونده‌كانی سه‌مه‌ڵوان، سیرۆ، كانیه‌ڕه‌ش، ئاوبڕ، ئاوده‌ل كیوی، دۆڵی شێخ و هێشمان 10 تا 20 كیلۆمه‌تر هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و به فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیش به سه‌ختى ئه‌و ناوچانه بۆردومان ده‌كات.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی سیده‌كان به كوردستان 24راگه‌یاند، شه‌ڕ و بۆردومانه‌كان مه‌ترسی له‌سه‌ر زۆرێك له گوند و ئاواییه‌كانی ناوچه‌كه هه‌یه و ترس و دڵه‌ڕاوكێ له ناو هاووڵاتیانی ده‌ڤه‌ره‌كه بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت گوندی به‌رمیزه و هێشمه و راشیگه‌یاند، بۆردومانی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی توركیا پڕۆژه‌ی ئاوی گوندی به‌رمیزه رووخاندووه و به‌هۆی به‌رده‌وامی هێرشه ئاسمانییه‌كان، تیمه‌كانی چاككردنه‌وه ناتوانن پڕۆژه‌كه نۆژه‌ن بكه‌نه‌وه.
ئیحسان چه‌له‌بی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له زۆرێك له‌ناوچه‌كان جووڵه‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵكیش سنووردار بووه، چونكه وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، بنكه‌ی سه‌ربازی هێزه‌كانی توركیا ته‌نیا 15 خوله‌ك به پیاده له ناوه‌ندی گوندی به‌رمیزه‌وه دووره و هاووڵاتیان له ترسی ته‌قه‌ی سه‌ربازانی توركیا نا‌وێرن بچنه ناو ره‌ز و باخه‌كانیان.
سه‌باره‌ت به زانیارییه‌كانیش له‌باره‌ی پلان و جووڵه‌ی به‌رده‌وامی هێزه‌كانی توركیا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سیده‌كان گوتی: "هه‌میشه 2 تا 3 رۆژ به‌ر له پێشڕه‌ویكردن، هێزه‌كانی توركیا ناوچه‌كان بۆردومان ده‌كه‌ن و دواتر هه‌وڵی پێشڕه‌ویكردن ده‌ده‌ن". ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانیان، توركیا پلانی هه‌یه له داهاتوودا به‌ره‌و ناوچه‌كانی خواكوڕك، لۆلان و رووباری سۆرك پێشڕه‌وی بكات".
ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به به‌رده‌وامی هه‌ره‌شه‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌ر له چه‌ند رۆژێك، ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سه‌ر به سوپای توركیا گوازراونه‌ته‌وه ناوچه سنوورییه‌كانی و چه‌ند كیلۆمه‌ترێك هاتوونه‌ته ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان.
H.B