ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەیان چیرۆك و رووداوی بەدوای خۆیدا هێنا

لە دەستپێکردنی بانگەشەی ریفراندۆم لە کەرکووك دەسڕێژی گوللـە لە سامان و تیشك کرا
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەیان چیڕۆك و رووداوی بەدوای خۆیدا هێنا، لە دەستپێکردنی بانگەشەی ریفراندۆم لە کەرکووك، دەسڕێژی گوللـە لە سامان و تيشك کرا، کە هەردووکیان بران و لەو رووداوەدا بریندار بوون.

هەڕەشەکردن و بریندارکردنیان نەبوونە رێگر لە بەردەم سامان و تيشك بۆ پشتیوانیكردن لەو رۆژە مێژووییە کە خۆیان دەڵێن: "دووبارەبوونەوەی هەستەکانی ئەوکاتانە ئەستەمن".  

لە 18ی مانگ و لەکاتی بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆيی کوردستان لە شەقامێکی قەرەباڵغی کەرکووکدا دەستڕێژی گوللـەیان لێدەکرێت.

سامان و تيشك لە ھەموو ئەو چالاکیانەی بۆ ریفراندۆم لە کەرکووك کران بەشداريیانکرد، وەك  خۆیان باسی دەکەن ئەوان لە پێناو کوردبوونیان خوێنیان بەخشیوە.

سامان ڕۆژبەیانی بەوردی  چۆنيه‌تی برینداربوونی گێڕاوە تا ئەو ڕۆژەی چووە سەر سندوقی دەنگدان و بە "بەڵێ" دەنگی بۆ سەربەخۆيی کوردستان دا.

ئەم دوو برایە، یەکەم برينداری ریفراندۆمی سەربەخۆيی کوردستانن،  شانازی ئەو رۆژە ھێشتا لە چاوەکانیان دەبینرێت.  ئەوان لە دوای  16ی ئۆکتۆبەرەوە کەرکووکیان بەجێھێشتووە و لە ھەولێر لەگەڵ خانەوادەکەیان دادەنیشن.

چیڕۆکی برينداربوونی تیشك بە شێوەیەکە، فیشەك بەو دەستەیەوەی دەنێن، کە ئاڵای کوردستانی پێیە.

ئەم خانەوادەیە ھەموو ماڵ و موڵکیان لە لایەن ھێزە عێراقیەکانەوە دەستی بەسەرداگیراوە. ھێشتا بۆ سامان و تیشك ریفراندۆم تازەیە و سەربەخۆيی کوردستانیش ریگایەکی دووری نەماوە.

ئەو خانەوادەیە لە 16 ئۆکتۆبەرەوه، کەرکووکیان بەجێھێشتووە و ھەوڵی گەڕانەوەیان نەداوە.