ئیسپانیا.. كۆرۆنا گەیشتە سەرۆكایەتی وەزیران

لە پشكنینی دووەم حاڵەتەكە پشتڕاست كرایەوە

K24- هەولێر:

حكومەتی ئیسپانیا ئەنجامی پشكنینی پزیشكی كارمین كاڵفۆ، جێگری سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی راگەیاند و تووشبوونی ناوبراو بە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاست كردەوە.

لە بەیاننامەیەكدا حكومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ئەنجامی پشكنینی پزیشكیی كارمین كاڵفۆ، پۆزوتیڤ دەرچووە و ناوبراو تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە.

لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، دۆخی تەندروستی كارمین كاڵفۆ جێگیرە و لەژێر چاودێری پزیشكیدایە.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێش هەمان پشكنین بۆ جێگری سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا كرابوو و ئەنجامەكان نەرێنی دەرچووبوون، بەڵام دوای دووبارەكردنەوەی پشكنینەكان بە مەبەستی دڵنیابوونەوە، دەركەوت كە ناوبراو هەڵگری پەتاكەیە.

جێگای ئاماژەیە، كارمین كاڵفۆ لەدایكبووی ساڵی 1957ـە و لە ساڵی 2018ـەوە پۆستی جێگری سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیای وەرگرتووە.

H.B