ئەمریکا رێگەنادات عەبادی و سەرکردەکانی حەشدی شەعبی یەكبگرن

حەشدی شەعبی داوای دەرکردنی ئەمریکا دەکات
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/dbccf1a8-204c-4d2a-b84a-8b9fcdba2761/011818ETA.ism/manifest

K24 - واشنتن

لێكۆڵەرێكی سیاسی و ئەندامی دامەزراوەی پرۆژەكانی ئەمریكا لە واشنتن رایدەگەیەنێت، ئەمریكا رێگە نادات سەركردەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، ھاوپەیمانییەتی پێكبێنن، چونكە ھەر كاتێك ھەر یەك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی سەركەوتن لە ھەڵبژاردنەكان بەدەستبێنن ئەوا راستەوخۆ داوای دەركردنی ئەمریكا دەكەن لە عێراق.

مايکڵ پريجێنت، شرۆڤەکاری سياسی بەناوبانگ و شارەزا لە کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبەردەم کۆنگرێسمانەکانی ئەمريکادا گلەيی لە کۆشکی سپی دەکات، سەبارەت بە رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ئەو دەڵێت: "بەداخەوە ئيدارەی ئێستای ئەمریكا پاڵپشتی کوردی نەکرد، سەرۆك ترەمپ، لە گوتارەکەی رۆژی 13/10/2017، رايگەياند كە ئەو هێزانەی قاسم سولەيمانی، سەرپەرشتيان دەکات وەک سوپای پاسداران لە ليستی تيرۆريستان دايە لە ئەمريکا، کەچی چەند کاتژمێرێك دوای ئەو گوتارە قاسم سولەيمانی، ميليشياکانی حەشدی شەعبی ئاراستەکرد، بۆ ئەوەی بە تانکەکانی ئێمە هێرش بکەنە سەر ناوچە کوردستانیيەکان و داگيری بکەن، ئێمە دەبووايە کاردانەوەيەکمان هەبێ لەم بارەيەوە، چونکە گەر وەڵاممان هەبووايە ئەوا دەبوو بە هەڵوێستێکی جوان بەرامبەر بە کوردی هاوپەيمانمان و هەروەها دەبوو بە پەيامێکی بەهێزيش بۆ قاسم سولەيمانی".

مايکڵ پريجێنت، بە كوردستان24 گوت: "ئەم ليستە ليستی پاسدارانە، قەيس خەزعەلی وهادی عامری و ئەلموهەنديسی تێدايە!، ئەمانە گرووپی سەر بە ئێرانن، راستە دەنگۆ هەيە کەوا هەندێکیان لەم ليستە هاتوونەتە دەرەوە، بەڵام راستيەکە ئەمەيە حەيدەر عەبادی، هاتنی ئەوانی بۆ ناو ليستەکەی قبوڵکرد، ئێمە دڵنياين هەرکامێکيان لە هەڵبژاردن سەربکەون يەکەم داوایان دەرکردنی ئەمريکايە لەعيراق".

گوتیشی: "رەتکردنەوەی عەبادی، بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و پڕوپاگەندەکردنی، گوايە وڵاتانی رۆژئاوا دەيانەوێ کێشە دروست بکەن لەنێو هێزە عيراقيیەکان و حەشدی شەعبی، ئەمە خۆی لەخۆيدا زۆر شتمان بۆ روون دەکاتەوە، کۆنگرێسيش لەم بابەتانە بێ ئاگا نيیە و سەرنجی زۆری هەيە".

ھەر پەیوەست بەم باسە فيليپ لۆهاوس، لێکۆڵەری سياسی و ئەندامی دامەزراوەی پڕۆژە کانی ئەمريکا ( AEI) رایگەیاند: "ئێمە ئومێد دەکەين لايەنەکان سەر بەعيراق بن نەوەك شوێنێکی دیكە، لە راستیدا کاتی ئەوە هاتووە کورد و سوننە لە داهاتووی حوکمڕانی لە عێراقدا رۆڵێکی زياتريان هەبێ و، با جارێکی دیكە رەوشی ئەم وڵاتە نەکەوێتە ژێر مەترسيەوە".