ئەیاد عەلاوی پەیامێک بۆ ئەمەریکا و ئێران دەنێرێت

داوای چی دەکات؟

K24 – هه‌ولێر:

ئەیاد عەلاوی داوا لە ئەمەریکا و ئێران دەکات، عێراق نەکەنە گۆڕەپانی شەڕی نێوانیان.

لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئەیاد عەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانی وەتەنیە نوسیوویەتی، هەریەک لە ئەمەریکا و ئێران، خاکی عێراقییان بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکانیان هەڵبژاردووە. ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، دەبێت ئەو دوو وڵاتە خاکی عێراق نەکەنە گۆڕەپانی شەڕی نێوانیان، کە رووبەڕووی تیرۆر بووەتەوە و تا ئێستا لە ژێر بەندی شەشەمدایە.

عەلاوی راشیگەیاند، دەبێت دەستەڵاتدارانی عێراق، سەرەتا بیر لە بەرژەوەندی وڵات و گەلەکەی بکەنەوە، دواتر سەلامەتی گەلانی ناوچەکە.

بەهۆی ململانێکانی نێوان واشنتن و تاران، داهاتووی عێراق، سەرەڕای کێشە ناوخۆییەکانی خۆی، زیاتر دووچاری ناسەقاگیریی بووەتەوە.

هێرشەکانی ئەم دوایەی ئەمەریکا و ئێران بۆ سەریەکتر لە خاکی عێراق، مەترسی ئەوەی دروستکردووە، عێراق ببێتە مەیدانی جەنگێکی دیکە.

 H.J