"زیاتر لە 2600 كەس لە كوردستان بە تۆمەتی پەیوەندی بوون بە داعش دەستگیركراون"

"ھەندێكیان تۆمەتیان بەسەردا ساغ بووەتەوە"

K24 - ھەولێر

دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاشكرای كرد، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا 2 ھەزار و 652 كەس لە كوردستان بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیركراون و ھەزار و 110 كەسیان تۆمەتی پەیوەندی بوونیان بە چەكدارانی داعش بەسەردا ساغ بووەتەوە.

دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانی رایگەیاند: "هەموو ئەو گومانلێکراوانەی بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشەوە دەستگیر دەکرێن، وەك هەموو بەندکراوەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و لەبەردەم یاسادا یەکسانن، ئەوانیش وەك هەموو دەستگیرکراوەکانی دیکە مافی تەواوی خۆیان لە گرتنی پارێزەر هەیە و دەتوانن بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لە خۆیان بکەن. بۆ نموونە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و کەرکوک 2 ھەزار و  652 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیرکراون، ھەزار و 110 کەسیان تۆمەتەکەیان بەسەردا ساغ بووەوە و سزای سێ ساڵ زیندانی تا زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی بێتاوانیان 870 کەسیان ئازادکران و 672 کەسیشیان تا ئێستا لەژێر لێکۆڵینەوەدان".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زێباری گوتی: "پرۆسەی دادگایی کردنی ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تێوەگلان لە کاری تیرۆریستییەوە دەستگیرکراون لە دادگاکانی لێکۆڵینەوە و تاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و دواتر بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (3)ی ساڵی 2006، هەروەها بەپێی یاسای ژمارە (21)ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەموار کراو تاوانبار دەکرێن و ئەوەی تاوانباربێت سزادەدرێت و ئەوانی دیکەیان ئازاد دەکرێن".

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتیشی: "بەپێى یاسا کارپێکراوەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان بە تایبەتى لە تاوانى تیرۆر، تایبەتمەندى شوێنى رووداو (الأختصاص المکانى) پێڕەو ناکرێت لەبەر ئەوەى تیرۆر جیاوازى ناکات لە سنوورى نێوان پارێزگا بۆ پارێزگایەکى دیکە یاخود شوێن بۆ شوێنێکى دیکە. هەروەها ئەرکى سەرەکى دەزگاکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر گشتگیرە لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانى تیرۆر و هەموو گومانلێکراوانی تیرۆر بەیەک جۆر مامەڵەیان لەگەڵدەکرێت بەبێ جیاوازی".

دیندار زێباری، راشیگەیاند: "ئامار و ژمارەی گومانلێکراوان لەشارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازی هەیە، بەپێی دواین ئامارەکان لەشاری هەولێر 675 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیرکراون کە 619 کەسیان تاوانەکەیان بەسەردا ساغ بۆتەوە و سزادراون و 56 کەیسیشیان بێتاوان بوون ئازاد کراون. لە شاری سلێمانی 35 گومانلێکراو دەستگیرکراون کە 22 کەسیان بێتاوان دەرچوون  وئازادکران 13کەسیشیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان. لە شاری دهۆک 1594 گومانلێکراو دەستگیرکراون، 456 کەسیان سزادراون، 616یان ئازادکراون و 522 کەسیان هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدان چوونکە گومانیان لەسەرە وبەڵگەی تەواویش بۆ تۆمەتبار کردنیان لەبەردەستدا نییە. لە شاری کەرکووکیش 348 کەس بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعش دەستگیرکراون،  ٣٥ کەسیان سزادراون، 176 کەسیان ئازادکراون و ئەوانیدیکە کە ژمارەیان 137 کەسە کە تا ئێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان".