میلیشیا مه‌زهه‌بییه‌كه‌ سه‌ری عێراق ده‌خوات

حەشدی شەعبی لە عێراق بە گوێرەی بەرژەوەندییەکانی ئێران کاردەکات
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

فروانبوونی هەژموونی حەشدی شەعبی بە پشتیوانی ئێران لە عێراق و دەرچوونی لەژێر دەسەڵاتی حکومەت ، چارەنووسی ئەو وڵاتە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەرەو نادیاری دەبات، بەشێوەیەک لەڕووی سیاسییەوە خەریکە حەشدی شه‌عبی نەخشەی سیاسی لەعێراق و جۆری پەیوەندی بەغدا لەگەڵ وڵاتانی دیکە دیاریدەکات.

 بەهۆی ئاراستەکردنیشیان لەلایەن ئێران بەو شێوەیەی لەبەرژەوەندی تارانە،  بەشێک لە یەکەکانی نێو حەشدی شەعبی راستەوخۆ فەرمان لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرن و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەگەرچی لەسەرەتادا بە فەتوای مەرجەعییەتی باڵای شیعە لەعێراق و بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش حەشدی شەعبی پێکهێندرا و بەپێی یاساش راستەوخۆ خرایە ژێر سەرپەرشتی  فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق،  بەڵام بەهۆی ئاراستەکردنی ئێران بەو شێوەیەی لەبەرژەوەندی تارانە، ئێستا یەکەکانی نێو حەشدی شەعبی بوونەتە چەند بەشێک و هەندێک لەو یەکانەش راستەوخۆ فەرمان لە رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران وەردەگرن و کاریش بۆ دروستکردنی هیلالی شیعی و دەکەن.