كچ و كوڕێكى ديكه‌ى ئێزدى له‌ ده‌ستى داعش رزگار كران

به‌غدا هيچ هاوكارييه‌كى نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی نه‌كردووه‌
kurdistan24.net

K24 – دهۆك:

حوسێن قائیدی، به‌رپرسی نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـى راگه‌یاند، تیمه‌كانی نووسینگه‌كه‌ی توانیویانه‌ له‌ ناو خاكی سووریادا كچێك و كوڕێكی ئێزدی، كه‌ چوار ساڵه‌ له‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش دان رزگار بكه‌ن و به‌ كه‌س و كاریان شاد بكه‌نه‌وه‌.

قائيدى، ره‌خنه‌ى‌ له‌ حكوومه‌تی عێراق گرت، كه‌ تا ئێستا هیچ هاوكارییه‌كی ئه‌و نووسینگه‌یه‌ی نه‌كردووه‌ به‌ تایبه‌تى له‌ مووسڵ و به‌غدا.

له‌و باره‌يه‌وه‌، گوتى: جیا له‌مه‌ش شاندێكی باڵا له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ ره‌وانه‌ كرابوون بۆ به‌دواداچوون له‌سه‌ر كوردانی رفێندراوی ئێزدی، به‌ڵام نه‌ هیچ زانیاری و نه‌ هیچ توانایه‌كیان هه‌بوو، ته‌نیا بۆ ده‌نگدانه‌وه‌ی راگه‌یاندن شانده‌كه‌یان پێكهێنابوو. 

په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ راپۆرتێكدا ورده‌كارى زياترى له‌ باره‌ى رزگاركردنى كچه‌ ئێزدييه‌كه‌ خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌ گوێره‌ى زانيارى په‌يامنێرى كوردستان24 ئه‌و كچه‌ ناوى نورا به‌كره‌ و ته‌مه‌نی 19‌ ساڵه‌ و له‌گه‌ڵ 12 كه‌سی خێزانه‌كه‌ى له‌ شاره‌دێی سنونێ له‌ شنگال كه‌وتبوونه‌ ده‌ست چه‌كدارانی داعش، له‌ شاری ره‌ققه‌ی سووریا رزگاركران و گه‌ڕانه‌وه‌ ناو كه‌سوكاری خۆیان.

رۆژى 3ى ئاب/ ئۆگستى 2014، چه‌كدارانى داعش په‌لامارى شارۆچكه‌ى شنگالى ئێزدى نشينيان دا و به‌و هۆيه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئاواره‌بوونى ده‌يان هه‌زار هاووڵاتى، هه‌زاران ئافره‌ت و منداڵى ناوچه‌كه‌ش كه‌وتنه‌ ژێر ده‌ستى داعش و دواتر وه‌ك كۆيله‌ مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ كرا و ره‌وانه‌ى بازاره‌كانى كۆيله‌ فرۆشى كران. 

ئ.ر