ترەمپ بەرزاییەکانی جۆلان لەسەر ئیسرائیل "تاپۆ" دەکات
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ دوو شەممە 25/03/2019 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا واژۆی فەرمانێک دەکات و بە فەرمی بەرزاییەکانی جۆلان بە بەشێک لە خاکی ئیسرائیل دەناسێنێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، ئیسرائیل کاتز، وەزیری کاربەڕێکەری ئیسرائیلی لە تویتێکدا رایگەیاندووە، کۆشکی سپی بەڵگەنامەکانیان ئامادە کردووە و ئەمڕۆ سەرۆک ترەمپ بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران نەتەنیاهو واژۆی بڕیارەکە دەکات.
پێشتر و هەر لە رێگای تویتەر، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی بەرزاییەکانی جۆلان کە گرنگی ستراتیژی و ئەمنی زۆری بۆ ئیسرائیل هەیە وەک بەشێک لە ئیسرائیل دەناسێنێت.
لە ساڵی 1967، ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی لە دوای شەش رۆژ شەڕکردن لەگەڵ سوپای سووریا کۆنتڕۆڵکرد و لە ساڵی 1981 کردییە بەشێک لە ئیسرائیل، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دژی ئەم هەنگاوە بوون.
ئەمەریکا دەبێتە یەکەم وڵات بەو کارە هەڵدەستێت و هیچ کام لە هاوپەیمانەکانی تاکو ئێستا پشتیوانیان بۆ دەرنەبڕیووە، بەڵکو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا لە لێدوانێکی بۆ کەناڵی TGRT، ئەو کارە بە "هەڵەیەکی" گەورە ناودەبات و دەڵێت دۆسییەکە دەباتە نەتەوە یکگرتووەکان و خۆشی لەگەڵ ترەمپ قسە دەکات.
H.J