کشتوکاڵی عێراق: لە بەرهەمهێنانی ماسی گەیشتووینەتە ئاستی خۆ بژێوی

بۆ هەناردەکردنی ماسی ئامادەکاری دەکرێت

K24 - ھەولێر

کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی ماسی گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی و ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمەکان هەناردە بکرێن.

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وڵاتەکە لە بەرهەمهێنانی ماسی و گەیشتووەتە ئاستی خۆ بژێوی و ئامادەکاری دەکەن بۆ پێدانی رەزامەندی بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی لە وەرزی ئێستادا بەرهەمی ماسی هەناردە بکەن.

حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، وڵات بازدانێکی جۆری لە بەرهەمهێنانی ماسی و زیادکردنی تۆمارکردووە، ئەوەش بەهۆی پلانی پەرەپێدان و پاڵپشتی لە کەرتی ناوخۆ بۆ دامەزراندنی حەوزی ماسی.

ئاماژەی بەوەشدا، لە وەرزی ئێستا بەرهەمی ماسی پێداویستی ناوخۆ بە زیادەوە پڕ دەکاتەوە و پێویستیان بە هاوردەکردن نییە.

حەمید نایف روونیشی کردەوە، وەزارەت ئامادەیە رەزامەندی بە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بدات بۆ ئەوەی بەرهەمی ماسی هەناردە بکەن.