سبه‌ى كۆمه‌ڵ و گۆڕان پرسى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن تاوتوێ ده‌كه‌ن

كۆمه‌ڵ پێشوه‌خته‌ بڕيار له‌ باره‌ى حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان نادات

K24 – سلێمانى:

بڕياره‌ سبه‌ى شاندێكى كۆمه‌ڵى ئيسلامى كوردستان به‌ سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ميرى كۆمه‌ڵ، عه‌لى باپير، سه‌ردانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ شارى سێمانى بكات.

په‌يامنێرى كوردستان24 له‌ سلێمانى رايگه‌ياند، مه‌به‌ستى سه‌ره‌كى سه‌ردانه‌كه‌، تاوتوێكردنى پرسى ئه‌نجامه‌كانى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌.

بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دواى كه‌مبوونى ژماره‌ى كورسييه‌كانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، رايگه‌ياند، ئه‌وان ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن په‌سند ناكه‌ن و به‌شدارى له‌ حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان ناكه‌ن.

هه‌رچى كۆمه‌ڵى ئيسلامييه‌، ئه‌مڕۆ له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا رايگه‌ياند، ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ و تانه‌يان له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نجامانه‌ هه‌يه‌، به‌ڵام پێشوه‌خته‌ بڕيار له‌ باره‌ى حكومه‌تى داهاتووى هه‌رێمى كوردستان ناده‌ن.