"ئالێگری ئه‌م یاریزانه‌ بۆ ئاسیست و پاڵپشتیكردنی كریستیانۆ ده‌گوازێته‌وه‌"

گرێبه‌ستی ئه‌م یاریزانه‌ ده‌گاته‌ 100 ملیۆن یۆرۆ

یانه‌ی یوڤێنتۆسی ئیتاڵیا نزیكه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی كریستیان ئێریكسنی ناوه‌ڕستكاری تۆتێنهام و هه‌ڵبژارده‌ی دانیمارك.

گرێبه‌ستی ئه‌م یاریزانه‌ له‌گه‌ڵ تۆتێنهام هۆتسپێرس له‌ هاوینی 2020 كۆتایی دێت و ئه‌م یاریزانه‌ ئاماده‌ نییه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی نوێ بكاته‌وه‌، سپێرز له‌ ترسی رۆیشتنی یاریزانه‌كه‌ به‌خۆڕایی ره‌نگه‌ له‌ زستانی داهاتوو ده‌ستبه‌رداری ببێت.

پێشبینی ده‌كرێت تۆتێنهام له‌به‌رامبه‌ر فرۆشتنی ئێریكسن داوای 100 ملیۆن یۆرۆ بكات و یوڤێنتۆسیش نزیكترینه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م یاریزانه‌.

به‌ گوێره‌ی رۆژنامه‌ی توتوسپۆرت، ئالێگری ده‌یه‌وێت یاریزانێكی هاوشێوه‌ی ئاندری پێرلۆ بۆ هێڵی ناوه‌ندی یانه‌كه‌ی بگوازێته‌وه‌ تا ژماره‌ی گۆڵه‌كانی كریستیانۆ زیاد بكات، له‌م پێناوه‌یشدا پێشنیاری گواستنه‌وه‌ی ئێریكسنـیان كردووه‌.

كریستیان ئێریكسنی ته‌مه‌ن 26 ساڵ، له‌ هاوینی 2013 له‌ یانه‌ی ئه‌یاكسه‌وه‌ به‌ به‌های 18 ملیۆن یۆرۆ بۆ ریزه‌كانی تۆتێنهام گواسترایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ له‌ كۆی 239 یاری، 57 گۆڵ و 73 ئاسیستی تۆمار كردووه‌.