راگەیەندراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە

لەبارەی دۆخی کارمەندانی تەندروستی

K24- هەولێر:

وەزارەتی تەندروستی لەسەر هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانە و سوکایەتیکردن بە کارمەندانی تەندروستی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکە هاتووە، داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان.

دەقی راگەیەندراوەکە:

هەروەك هەموو لایەك ئاگادارن ماوەی چەندین مانگە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی تەندروستی خۆنەویستانە بەبێ گوێدانە ماندوویی لە بەرامبەر مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە خزمەتکردن و شەونخوونی بەردەوامن، وەك سەربازی وون چاونەترسانە بوونەتە قەڵغانی پاراستن و چارەسەرکردنی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە بەتایبەتی.

جگەلەوەی لەپاڵ ئەو هەموو خزمەت و ماندووبوونەدا،  چەندین حاڵەتی تووشبووی ئەم پەتایەش لە نێویاندا تۆمارکراوە.

بەڵام بەداخەوە، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سێ یەمین جار هێرشکراوەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و سووکایەتی کردن بە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی کە دواترینیان دوێنێ شەو بوو.

لێرەوە بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە نەخۆشخانەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان مولکی گشتین و شوێنێکی پیرۆزن، چونکە ڕۆژانە بە هەوڵ و ماندووبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی چەندین کەس دووبارە ژیانیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان. بۆ ئەم مەبەستە داوا لە وەزارەتی ناوەخۆ و دامودەزگاکانی ئەمنی لە پۆلیس و ئاسایش دەکەین کە هەموو هەوڵێکی خۆیان بدەن بۆ پاراستنی گیانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەر جۆرە رووداوێکی لەم جۆرە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو هێرشە ناڕەوایانە کە بەناحەق دەکرێتە سەر پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکان.

لەکۆتاییدا داوا لە هاوڵاتییان دەکەین کە خۆیان بە دوور بگرن لە هەڵچوون و هەموو کارێکی ناشارستانی و نایاسایی و لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس و دەستخۆشی داوا لە پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی دەکەین ئارامی زیاتر و ڕوحی مرۆڤدۆستانە بنوێنن وە هاوڵاتییان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان لە ڕوانگەی هەستکردن بە ئەرك و بەرپرسیاریەتی و فریشتە ئاسا لە خەمخۆری و بەرژەوەندی هاوڵاتیان دان کەئەمەش سەروەتێکی گرنگی نیشتیمانی یە لە هەرێمی کوردستان.

     وەزارەتی تەندروستی         

حکومەتی هەرێمی کوردستان    

       ٢١ حوزەیران ٢٠٢٠