شەش لایەنە ناڕازییەكە ھەموو كارتەكان بەكاردێنن

وەڵاممان نەدرێتەوە نوێنەرانمان ناچنە پەرلەمانی عێراق
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

شەش لایەنە ناڕازییەکە شەو و رۆژیان خستووەتە سەریەك تا ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان ھەڵبوەشێنرێتەوە، دوا کارت و فشاریشیان کشانەوە دەبێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق، لایەنە براوەکانیش کشانەوە بە باش نازانن و دەڵێن کورد بە کەمینەوە بڕواتەوه‌ بەغدا جارێکی دیكە زیان بە هه‌رێمی  کوردستان دەگات.

راوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نایشارێتەوە، ھەڵویستی لایەنەکان ھاوبەش دەبێت لەپرۆسەی سیاسی لە عێراق، روونیشکردەوە کە فشاری توندتر دەخەنە سەر کۆمیسیۆن تا ساختەکاری ھاوشێوە لەھەڵبژادنەکاندا دووبارە نەبێتەوە.

شێروان شەمێرانی، راوێژکاری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە كوردستان24 گوت: "فشار دەخەینە سەر كۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەی وەڵامی داواكانمان بداتەوە، ئەگەر ھەر وەممان نەدرایەوە، لەگەڵ لایەنەكانی دیكەش كە دەنگەكانیان دزراوە دان بە ئەنجامەكان دانانێین و نوێنەرانمان ناچنە پەرلەمانی عێراق".

ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، جارێکی دیكە درزی گەورەی خستە نێو ماڵی کوردەوە، تا لایەنەکان یەکدەنگ نەبن لە چوونەوه‌ بەغدا، یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش وەك دووەم لایەنی براوەی ھەڵبژاردنەکان نەچوونی لایەنەکان بۆ بەغدا بەزیانگەیاندن بە بەرژوەندییەکانی کوردستان لەقەڵەم دەدات.

مامۆستا جەعفەر، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی، دەڵێت: "پێویستە ئەمجارە تیمێكی كارا و یەكڕیز لە كوردستانەوە بچێتە بەغدا و لەوێ ستراتیژێكی یەكگرتوویان ھەبێت، گرنگ نییە ژمارەیان چەندە، گرنگ ئەوەیە بە یەكگرتوویی و ھەماھەنگی لە بەغدا بەرگری لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بكەن".