سه‌رۆك بارزانی له‌ باره‌ی ریفراندۆم دڵنیایی ده‌داته‌ ئه‌مه‌ریكا

جه‌نه‌راڵێكی ئه‌مه‌ریكی: كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵ به‌بێ هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ ئه‌سته‌م بوو

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و شه‌ڕی داعش، له‌ ئه‌وله‌ویاتی هه‌رێمی كوردستانه‌ و پرۆسه‌ی ریفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت.

سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ جۆزیف ڤۆتێل، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مه‌ریكا و دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ ستیفن تاونسێند، فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرووس كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر، رایگه‌یاند، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان تێگەیشتنی بۆ تێبینی و نیگەرانییەكانی ئەمەریكا هەیە، بەڵام پێویستە ئەمەریكاش لە نیگەرانی و بڕیار و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگات.

پێشتر به‌رپرسانی باڵای ئه‌مه‌ریكا، سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاندبوو، ره‌نگه‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم، ببێته‌ هۆی لابردنی سه‌رنجه‌كان له‌سه‌ر پرسه‌ گرنگه‌كانی ناوچه‌كه‌، به‌ تایبه‌تیش شه‌ڕی تیرۆر و تێكشكاندنی داعش.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بارزانی دڵنیایی ئه‌وه‌ی داوه‌ته‌ ئه‌و شانده‌ سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌ی ئه‌مه‌ریكا و رایگه‌یاندووه‌، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یەكێكە لە ئەولەویاتی هەرێمی كوردستان و پڕۆسەی ڕیفراندۆمیش بە هیچ شێوەیەك كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت.

سه‌رۆك بارزانی دووپاتیشی كرده‌وه‌، كوردستان هەمیشە و بە هەموو هێزێكەوە ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێكشكاندنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هاوپەیمانان و حكوومەتی عێراقی لە هەماهەنگیی بەردەوامدا دەبێت.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا  رۆڵی هێزی پێشمەرگەی لە تێكشكاندنی داعش و به‌رز نرخاند و رایگەیاند هێزه‌كانی هاوپەیمانان بەو ئەنجامە گەیشتوون، ئەو سەركەوتنانەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ لە بەرامبەر داعشدا بەدەست هاتوون، بە بێ هەماهەنگیی لەگەڵ پێشمەرگە و حكوومەتی هەرێم و نەدەهاتنەدی.

لە بەشێكی دیكه‌ی وتەكانیدا ئاماژەی بە سەردانی شاندی كوردستان بۆ بەغدا كرد و هیوای خواست گفتوگۆكان ئەنجامی هەبێت و خزمەتی سەقامگیری بكات، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بابەتە جەوهەرییانەی لەنێوان عێراق و كوردستاندا، هەیە لە رێگەی دیالۆگی ئیجابی چارەسەر بكرێت.