نەتەوە یەكگرتووەكان داوای ئیدارەیەکی هاوبەش بۆ شنگال دەکات

مەحما خەلیل: پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەشی سەربازیی باشترین چارەسەرە
kurdistan24.net

K24 - دھۆك

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، چەندین جار ئیدارەی شەرعیی شنگال هەواڵی گەڕانەوەی بۆ شارەکە داوە، بەڵام لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و پەکەکەوە رێگریی لە گەڕانەوەی دەکرێت. نەتەوەیەکگرتووەکانیش هەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەست پێ کردووە.

لە چەند رۆژی رابردووشدا شاندێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئیدارەی شەرعیی شنگال کۆبووەوە و پاشان سەردانی شنگالیان کرد و داوای پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەشی بۆ بەڕێوەبردنی شنگال کرد.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزا شنگال بە كوردستان24ی راگەیاند: "شاندی نەتەوە یەكگرتووەكان پێیان گوتین، پشتمان پێ ببەستن، كێشەكان چارەسەر دەكەن، بەڵام ئێمە باوەڕ ناكەین نەتەوە یەكگرتووەكانیش بتوانن كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە نە پەكەكە شنگال جێ دەھێڵێ، نە حەشدی شەعبیش".

گوتیشی: "بارودۆخی ئەمنیی شنگال ناسەقامگیرە، بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش، پێویستە ھێزی ئەمنی و سەربازیی ھاوبەش لەناو شنگال ھەبێت و سنوورەكانیش كۆنتڕۆڵ بكرێن".

سەیدۆ چەتۆ، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ: "شنگال بووەتە قوربانیی و بەوھۆیەی ئێدارەی شەرعیی لە شارەكە نییە، زۆر لە رێكخراوە مرۆییەكان ئامادە نین ھاوكارییەكانیان بگەیەننە شنگال".

ھ.م