تانکەرێکی سووتەمەنی لەڕێگای کۆیە گڕدەگرێت و ژیانی شۆفێرەکەی لەمەترسیدایە
K24 - هەولێر
بەهۆی گڕگرتنی تانکەرێکی پڕ لە سووتەمەنی، تەواوی جەستەی شۆفێرەکەی دەسووتێت و گیانی لە مەترسیدایە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 23-9-2020) لە لۆفەکانی کەلکەسماق لە سنووری ناحیەی ئاشتی، رێگای دووکان کۆیە تانکەرێکی سووتەمەنی گڕی گرت و بە تەواوی سووتا.
عەقید گۆران ئەحمەد سماقەیی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەرگری شارستانیی کۆیه بە کوردستان24ـی راگەیاند، "شۆفێرەکە ناوی (م. م.)ـە، خەڵکی کەلارە و لەدایکبووی ساڵی 1997ـە".
بەگوتەی بەڕێوەبەرەکەی پۆلیسی بەرگری شارستانیی کۆیە "تیمەکان توانیویانە ئاگری تانکەرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەڵام زۆرینەی جەستەی شۆفێرەکە سووتاوە و ژیانی لەمەترسیدایە. ئێستاش لە نەخۆشخانەی کۆیە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە".
عەقید گۆران دەڵێ "بەهۆی ئەوەی بارهەڵگرەکە نەوتی سپی تێدابووە و بەسەر لۆفەکەدا هاتووەتە خوارەوە، پێدەچت گەرم بووبێت و هۆکاری گڕگرتنیشی هەر ئەوە بووبێت".
هـ.ر.