وته‌بێژى سوپاى ئيسرائيل به‌ "فه‌رمووده‌" وه‌ڵامى رۆژنامه‌يه‌كى سووريا ده‌داته‌وه‌

ئه‌فيخاى ئه‌دره‌عى، به‌وه‌ ناسراوه‌ ئاشنايه‌تيه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ئيسلامييه‌كان هه‌يه‌

K24 – هه‌ولێر:

وته‌بێژى سوپاى ئيسرائيل، ئه‌فيخاى ئه‌دره‌عى، به‌وه‌ ناسراوه‌ ئاشنايه‌تيه‌كى به‌هێزى له‌گه‌ڵ ده‌قه‌ ئيسلامييه‌كان هه‌يه‌ و ئه‌مجاره‌يان به‌ فه‌رمووده‌يه‌كى پێغه‌مبه‌رى ئيسلام وه‌ڵامى هه‌واڵى تێكشكاندنى فڕۆكه‌يه‌كى ئيسرائيلى له‌ رۆژنامه‌ى (تشرين)ـى سووريا داوه‌ته‌وه‌.

ئه‌دره‌عى له‌ رێى لاپه‌ڕه‌ى خۆيه‌وه‌ له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر ده‌ڵێت: "په‌يامبه‌رى خودا راست ده‌فه‌رمووێت" و ئه‌م فه‌رمووده‌يه‌ى نووسيوه‌: "إياكم والكذب فإن الكذب يهدي إلى الفجور وأن الفجور يهدي إلى النار وأن الرجل ليكذب ويتحرى الكذب حتى يكتب عند الله كذابا". كه‌ تێيدا په‌يامبه‌ر "هۆشدارى داوه‌ له‌ درۆكردن" و به‌ گوێره‌ى ماناى فه‌رمووده‌كه‌، "درۆكردن سه‌رده‌كێشێت بۆ فجوور و ئه‌ويش رێگه‌ى به‌ره‌و ئاگره‌. كه‌سێك به‌رده‌وام درۆ بكات، لاى خودا وه‌ك درۆزن ناوى تۆمار ده‌كرێت".

ئه‌دره‌عى ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، ناونيشانى هه‌واڵه‌كه‌ى رۆژنامه‌ى تشرين ته‌نيا ئه‌وه‌ى كه‌مه‌ بنووسرێت "ده‌توانن ئيسرائيل داگير بكه‌ن".