لە پارێزگای سلێمانی رۆژێك لە دامودەزگا حكومییەكان دەكرێتە پشووی فەرمی

راگەیەندراوێك بڵاودەكرێتەوە

K24 - ھەولێر

لە راگەیەندراوێكدا لە بری پارێزگاری سلێمانی، وێڕای سوپاس و پێزانین لە ئەرك و ماندوبوونی چین و توێژەكان لە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تەرمی مام جەلال رایگەیاند، رۆژی یەكشەمەی داھاتوو لە دامودەزگا حكومییەكانی پارێزگای سلێمانی دەكرێتە پشووی فەرمی.

لە راگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە بەبۆنەی كۆچی دوایی مامی گەورەمان مام جەلال ڕۆژی یەكشەممە 2017/10/8 لەسنوری پارێزگای سلێمانی پشووە، جگە لە ھێزە ئەمنییەكانن و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان، ڕۆژی دووشەممە 2017/10/9 دەوام دەستپێدەكاتەوە".

 

دەقی راگەیەندراوەكەی لە بری پارێزگاری سلێمانی

بەناوی پارێزگاری سلێمانییەوە، سوپاسی بێپایان و پێزانینمان ئاراستەی دانیشتوانی پارێزگاكانی سلێمانی و ھەولێر و ھەڵەبجە و كەركوك و دھۆك و ھەردوو ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و میوانە بەڕێزە ناوخۆیی و بیانییەكان دەكەین، كە ئەمڕۆ ھەینی 2017/10/6 لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی تەرمی ھەڤاڵی سەركردە مام جەلال ئامادەبوون و ماندوو بوون.

ھەروەھا سوپاسی تەواوی ھێزە ئەمنییەكان و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆو بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر و میدیاكار و رۆژنامەنووسان دەكەم كە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان جێبەجێ كرد.

لێرەوە ڕایدەگەیەنین كە بەبۆنەی كۆچی دوایی مامی گەورەمان مام جەلال ڕۆژی یەكشەممە 2017/10/8 لەسنوری پارێزگای سلێمانی پشووە، جگە لە ھێزە ئەمنییەكانن و بەڕێوەبەرایەتییە خزمەتگوزارییەكان، ڕۆژی دووشەممە 2017/10/9 دەوام دەستپێدەكاتەوە.

عومەر ئەحمەد ئەمین لەبری پارێزگاری سلێمانی