مووچە بێت بایكۆت دەشكێ

"پێش جەژنی نەورۆز خەرج دەكرێت"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

ژمارەیەك لە مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنن، کاتێك بایکۆت دەشکێنن کە موچەی تەواوەتی وەردەگرن، یەکێتی مامۆستایانش ئاماژە بۆ ئەوە دەدات کە بایکۆت کاریگەری نەرێنی لەسەر پڕۆسەی خوێندن دروستکردووە، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمش دەڵێت، پێیان گوتراوە کە  تا پێش نەورۆز  مامۆستایان موەچەی بەغدا و ھەولێر وەردەگرن.

دوای زیاتر لە دوو مانگ بایکۆتی ھۆڵەکانی خوێندن لە پارێزگای سلێمانی و ئەنجامدانی 55 خۆپیشاندان و گردبوونەوە له‌ سێ ساڵی رابردوودا، مامۆستایان رایدەگەیەنن، تاکە ھەنگاو كە بایکۆت بە مامۆستایان بشکێنێت پێدانی مووچەی تەواوەتیە، تا پرۆسەی خوێندن لەمە زیاتر رووبەڕووی مەترسی نەبێتەوە، بۆیە خوازیارن تا پێش جەژنی نەورۆز مووچەیان پێبدرێت و بەگیرفانی گەرمەوە بگەڕێنەوە ناو ھۆڵەکانی خوێندن.

عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی بە كوردستان24 راگەیاند: "مامۆستایانی ناڕازی بایكۆتیان وەكو ئامراز بەكارھێناوە بۆ ناڕازایەتییەكانمان، تا ئەوكاتەی مووچە بە مامۆستایان دەدرێت بایكۆت بەردەوام دەبێت، كاتێك مووچەی تەواو بە مامۆستایان درا پێویست ناكات، كەس پێیمان بڵێت و خۆمان دەچینەوە ھۆلەكانی خوێندن".

ھەر پەیوەست بەم پرسەوە، عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت: "ئومێد دەكەین بابەتی مووچەی مامۆستایان یەكلایی بكرێتەوە، بۆ ئەوەی مامۆستایان بە دڵێكی ئاسوودەوە بگەڕێنەوە ھۆڵەكانی خوێندن، ئەو ماوەیەی كە فەوتاوە قەرەبووی بكەنەوە".

ھەرچەندە مامۆستایان بێ ھیوابوون لە بەڵێنەکانی حکوومەتی ھەرێم و عێراق بۆ پێدانی موچەکانیان، بەڵام وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە چەند رۆژی رابردوو رایگەیاند، کە پێیان گوتراوە تا پێش جەژنی نەورۆز بەغدا و ھەولێر ھەریەکە و مووچەیەك بەسەر مامۆستایان دابەش دەکەن، بۆیە بەگرنگی زانی مامۆستایان دەست بەوانەکانیان بکەنەوە، لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی خوێندن.

ھ.م