شه‌ڕی "ده‌وڵه‌تی سێبه‌ری داعش" به‌رۆكی عێراق ده‌گرێت
K24 - هه‌ولێر:
بڵاوبوونه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداره خۆكوژه‌كانی داعش له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراقدا، بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانی عێراقییه‌كان و ته‌نانه‌ت راگه‌یێنراوه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌باره‌ی كۆتاییهاتنی جه‌نگ و شكستی رێكخراوی داعش نه‌یتوانیوه ئه‌و دڵه‌راوكییه بڕه‌وێنێته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه هیشام هاشمی، شاره‌زای كاروباری گرووپه چه‌كداره توندڕه‌وه‌كان ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر رێكخراوی داعش له رووی سه‌ربازییه‌وه له عێراق كۆتایشیان هاتبێت، به‌ڵام هێشتا گرووپ و پاشماوه‌ی چه‌كدارانی رێكخراوه‌كه له زۆر ناوچه‌ی عێراقدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌و نزیكه‌ی 800 چه‌كداری خۆكوژ و شه‌ڕكه‌ریان ماوه كه تا مردن شه‌ڕ ده‌كه‌ن".
هاشمی به رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌تی گوتووه: "ئه‌و ناوچانه‌ی تا ئێستا چه‌كدارانی داعشیان تێدا ماوه، حه‌وزی دیجله و چیای حه‌مرین و ناوچه‌ی عوزێم و باكووری رۆژهه‌ڵاتی سامه‌ڕا و سه‌رسار و ئه‌ودیه له بیابانی رۆژئاوا كه له دۆڵی حۆرانه‌وه ده‌ستپێده‌كات".
روونیكردووه‌ته‌وه كه "شه‌ڕی داهاتوو له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕی دیجیتاڵه، چونكه چه‌كدارانی داعش به‌ھێزه‌وه ده‌گه‌ڕێنه‌وه تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی هێزه ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان قورس ده‌كات تا شه‌ڕی ئه‌و گرووپانه بكه‌ن كه ده‌توانین به جه‌نگی ده‌وڵه‌تی سێبه‌ری داعش ناوی ببه‌ین".
ده‌رباره‌ی رێگاكانی كۆتاییهێنان به‌و داعشانه، ئه‌و شاره‌زایه‌ی گرووپه توندڕه‌وه‌كان ده‌ڵێت: "ئه‌وه له‌سه‌ر ئاشته‌وایی ناو كۆمه‌ڵگا به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌قینه ده‌وه‌ستێته‌وه، ده‌بێت پێداویستییه‌كانی دادپه‌روه‌ری به‌رده‌ست بخرێن و له هۆكاره‌كانی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و گرووپانه بكۆڵرێته‌وه له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عێراقدا" وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناوچه سوننه‌نشینه‌كان. له هه‌مان چوارچێوه‌دا، حاكم زاملی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی گوتووه: "پێشبینی ده‌كه‌م 20 هه‌زار ئه‌ندام و لایه‌نگری داعش هێشتا له عێراقدا مابن، له‌ناو گرووپی گه‌وره‌ی ئاواره‌كان و ناوچه دووره ده‌سته‌كانی بیابانی رۆژئاوا خۆیان شاردبێته‌وه".
زاملی هۆشداری ده‌داته به‌پرسه سه‌ربازییه‌كانی عێراق و ده‌ڵێت: "پێویسته سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵگریی زۆر به‌كاربهێنن، بۆ ئه‌وه‌ی شوێن و جێگای ئه‌و توندڕه‌وانه بدۆزنه‌وه‌و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن. به‌رده‌وامی پاڵپشتی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته زۆر گرنگ و كاریگه‌ر ده‌بێت".