گۆڕانکاری لە پۆستی چەند فەرمانگەیەکی کەرکووک دەکرێت

راکان جبووری فەرمانەکەی راگرتووە

K24 – كه‌ركووك:

له‌ پۆسته‌ كارگێڕییه‌كانی سنووری پارێزگای كه‌ركووك گۆڕانكاری له‌ ژماره‌یه‌ك پۆستی ئیداری كراوه‌ و پارێزگاری شاره‌كه‌ به‌ وه‌كاله‌ت فه‌رمانی گۆڕانكارییه‌كانی راگرتووه‌.

بە پێی نووسراوێک کە واژووی  "پەنگین رێکانی" وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی لەسەرە و لە 23ی ئەم مانگە دەرکراوە، هەریەک لە "ئاری یەحیا کەریم" کە ئێستا فەرمانبەرە لە فەرمانگەی ئاوی کەرکووک، وەکو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان و "فەرەیدون عادل وەیسی"، وەکو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و "عەباس ئیسماعیل عەلی مەردان"، وەکو بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی کەرکووک، "زاگرۆس جان وەلی" وەکو بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی ئاوی کەرکووک دەستبەکار دەبن، ئەم چوار فەرمانگەیە پێش (16)ـی ئۆکتۆبەر لەلایەن کوردەوە بەڕێوە دەبران، بەڵام جگە لە بەڕێوبەرایەتی شارەوانی، کە ئێستا کوردێک بەڕێوەی دەبات، (سێ) فەرمانگەکەی دیکە بە وەکالەت درانە نەتەوەکانی دیکە، بە پێی نووسراوەکەی "بەنگین رێکانی" بێت ئەو (3) پۆستەی دیکەش بۆ نەتەوەی کورد گەڕێندراوەتەوە.

جێبەجێکردنی فەرمانەکەی وەزیر لەلایەن "راکان جبووری" پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک راگیراوە.

بە گەیشتنی فەرمانەکەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان بە گۆڕانکارییەکان لەو بەڕێوەبەرایەتیانە، "راکان جبووری" پارێزگاری سەپێنراوی کەرکووک لە (26)ی مانگ بەنووسراوێک وەڵامی وەزیر دەداتەوە کە ئەوەی کراوە هاوسەنگی نەتەوەیی تێدا رەچاو نەکراوە و داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکە دەکات و داوا بینینی وەزیری کردووە، بە پێی زانیاریەکانی کوردستان24یش "راکان جبووری" داوایکردووە، لەشوێنی "ئاری یەحیا" کە پۆستی بەڕێوەبەری شارەوەنییەکانی پێدراوە، کەسێکی عەرەب دانبنرێت، بەبیانووی ئەوەی ئەو فەرمانگەیە تایبەتە بە قەزاوناحییەکان، کە زۆرینە عەرەبنشینن، بەتایبەت سنووری حەویجە.

لە هەمان ئەو مێژووه‌ی "راکان جبووری" نووسراوی کردووە و داوای پێداچوونەوەی بڕیارەکەی کردووە، نووسراوێکی دیکە بۆ پارێزگای کەرکووک هاتووە، کە واژووی بریكاری وەزیری شارەوانییە گشتییەکانی عێراقی لەسەرە داوا دەکات هەریەک لە "ئاری سەیفەدین" وەک بەڕێوەبەری شارەوانییەکان و "فەرەیدوون عادل" وەکو بەڕێوەبەری شارەوانی دەستبەکار بن.