سێبه‌ری تاران ره‌شماڵه‌كه‌ی سه‌دریشی داپۆشی

"مەترسی جەنگی تائیفی لە عێراق دەکرێت"

K24 - هه‌ولێر:

لەگەڵ سەرکەوتنی موقتەدا سەدر لە هەڵبژاردنی پەڕلەمان، خەڵکی عێراق هیواخوازبوون کۆتایی بە تائیفەرگەری بێت و عێراق پێش هەمووشتێک بخرێت، بەڵام سەدر تا دێک لە گروپ و میلیشیاکانی ئێران لە عێراق نزیکتر دەبێتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێس، هاوپەیمانی نێوان سەدر و هادی عامری وەک یەکەم هاوپەیمانی شیعەکانی عێراق، سەردانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران و ناردنی کوڕی ئایەتوڵا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران،  بۆ بەغدا، لۆبی و دەستی تارانی زۆر بەهێزکردووە لە عێراقدا.

واسیق ئەلهاشیمی، سەرۆکی گروپی توێژینەوەی ستراتیژی عێراقی، لەو بارەیەوە گووتی: "هاوپەیمانێتیەکە بەرهەمی ئارەزووی ئێرانە بۆ دروستکردنی کاریگەری لە سیاسەتی عێراق".

واسیق گووتیشی: "سەرباری هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەکان، سوننەکان هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانی بۆخۆیان دەدەن و کوردەکانیش بەهان شێوە، ئەمەش تائیفەگەری لەنێوان ئەو هێزە چەکدارانە دروست دەکات، ئەوەش مەترسیدارترین بارودۆخە لە ئێستادا".

رۆژی شەممە(23/06/2018)، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەک براوەی سێهەمی شیعەکان، هاتە ناو هاوپەیمانیەکەی سەدر لەکاتێکدا پارتەکەی عەبادی (دەعوه‌)، پارتێکی ئیسلامی شیعییە.

سەدر ئێستا لەگەڵ کەسانێک هاوپەیمانی دەبەستێت کە تاوانیان دژی سوونەکان و کوردەکان ئەنجامداوە و لە کاتی دەسەڵات گرتنە دەستیان وەک پیشەی هەمیشەییان ئەو کەسانە دەکەنە کاربەدەست و کاریان بۆ دەدۆزنەوە کە نزیک بن لە خۆیان.

لای خۆیەوە، سەلیم جبووری، سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق، وەک سیاسیەکی سوننە لە بارەی هاوپەیمانی شیعەکان گووتی: "پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق هانی ئەوانی دی (کورد و سوونە) دەدات بە جۆرێکی دیکە خۆیان رێکبخەن بۆ گفتوگۆ فەرمییەکان".

جبووری دەشڵێت: "ئەو جۆرە لە دروستکردنی گروپ، وا لە سوننه‌کان دەکات ببنە یەک و بە یەک دەنگە قسە بکەن".

دوای سەدر، عامری بۆتە کەسێکی گرنگی کایە سیاسیەکانی عێراق ئەمەش لە کاتێکدایە رۆژانێک سەدر دژی هێزەکانی ئەمەریکا لە رێگای سوپای مەهدی دەجەنگا و عامریش بەهۆی دڵسۆزی بۆ ئێران دژی بەرژەوەندی واشنتنە لە عێراق.

ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری بەپرسێکی پارتەکەی عەبادی(لەبەر باری ئاسایش نەیویستووە ناوی بهێنرێت) نووسیویەتی: "هەژموونی ئێران لە پشت هاوپەیمانی میلیشیاکانە، ئێران دەیەوێت نامەیەک بۆ ئەمەریکا بنێرت لە رێگای ئەو هاوپەیمانێتیە ئەوەیش ئەوەیە، تاران هێشتا رۆلی سەرەکی و کاریگەری هەیە لە عێراق".