دایکێک رێگایەکی جیاواز بۆ "ئاقڵکردنی" کوڕەکەی لە قوتابخانە بەکاردەهێنێت
K24 – ههولێر:
بەهۆی ئەوە کوڕەکەی رەفتاری نەشیاو لە قوتابخانەکەی دەکات، دایکێک جلی "کلاون" گاڵتەجارەکان لەبەر دەکات و دەچێتە قوتابخانەی کوڕەکەی.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی مێترۆ، دایکەکە کە ناوی ئاشکرا نەکراوە لە ویلایەتی نیوجێرسی ئەمەریکا لەلایەن بەڕێوەبەری قوتابخانەی کوڕەکەی ئاگادار دەکرێتەوە کە کوڕەکەی بۆتە هۆی پشێوی و وتنی قسەی نەشیاو لە ناو پۆلەکانیدا.
دایکەکەش بۆ شەرمەزارکردنی کوڕەکەی ئەو جۆرە جلە لەبەر دەکات و خۆی دەکات بە قوتابخانەکەدا.
لەگەڵ گەیشتنی دایکەکە بە کوڕەکەی دەڵێت: "ها، ئەمڕۆش دەتەوێت وەک گاڵتەجارێک رەفتار بکەیت؟"
کاتێک هاوپۆلەکانی دەست دەکەن بە پێکەنین، کوڕەکە شەرم دەیگرێت و قسە ناکات.
دایکەکە بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "دەتەوێت تەواوی رۆژەکە ئاوا لێرە دانیشم؟ بڕوا ناکەم بتەوێت".
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە گرتە ڤیدیۆکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بڵاوکردۆتەوە و تیایدا ستایشی بیری داهێنەرانەی دایکەکە دەکات بۆ رێگریکردن لە خراپ مامەڵەکردنی کوڕەکەی لە قوتابخانە.
H.J