بنیامین نەتەنیاهو: پێویستە كورد دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت

گەلێكی قارەمانن و بەهای هاوبەشمان هەیە

K24 - هەولێر:

بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، رایدەگەیەنێت، پێویستە كورد دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی هەبێت و ئەوانیش پاڵپشتی لەو دەوڵەتە دەكەن.

رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست "جۆروزلیم پۆست"ی ئیسرائیلی بڵاویكردووتەوە، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، بە شاندێكی 33 كەسی لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمەریكا سەر بە پارتی كۆمارییەكانی راگەیاندووە، پێویستە كورد دەوڵەتێكی سەربەخۆی خۆی هەبێت.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوەیەی كە رۆژنامەكە پشتی پێ بەستووە، هەفتەی رابردوو نەتەنیاهو چاوی بەو شاندە 33 كەسییە كەوتووە و هەڵوێستی ئەرێنی خۆیشیی سەبارەت بە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد نیشانداوە.

هاوكات كوردیشی بە گەلێكی ئازا وەسفكردووە و گوتوویەتی: "گەلێكی قارەمانن و بەهای هاوبەشمان هەیە و پاڵپشتی رۆژئاوا دەكەن".

بە گوێرەی رۆژنامەكە، نەتەنیاهو زۆر كەم ئاماژە بە پشتگیریردن بە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، بەهۆی هەستیاری ئەو پرسە سیاسییە لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپەوە، كە لە مانگی كانوونی دووەم ئەمساڵەوە، چووەتە كۆشكی سپی و تا ئێستا وای دەرخستووە، ئەمەریكا پاڵپشتی لە سیاسەتی هێشتنەوەی عێراق دەكات بە یەكپارچەیی و نایەوێت عێراق بۆ چەند پارچەیەك دابەش ببێت.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە زۆربەی حاڵەتەكاندا نەتەنیاهو بە گشتی ئەو پرسە باس ناكات، بەڵام پێشتر لە ساڵی 2014، لە وتارێكدا لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل پاڵپشتی لە بیرۆكەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كورد بكات.

لێدوانەكەی نەتەنیاهو لە میانەی خستنەڕووی راپۆرتێكی بە دواداچوونی بووە لە ئۆرشەلیم، ئاماژە بە مەترسییە هەرێمییەكان كراوە و ئەوەش نیشاندراوە، ئێران لە هەندێك ناوچەی وەك سووریا، عێراق و یەمەن و چەند ناوچەیەكی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشڕەوی كردووە.

لە میانەی وتارەكەیدا، نەتەنیاهو ئاماژەی بەوەشكردووە، هەر ناوچەیەكی سووریا كە لە داعش پاكدەكرێتەوە، ئێران پڕی دەكاتەوە و نزیكەی 20 هەزار چەكداری شیعەشی رەوانەی ئەو وڵاتە كردووە، كە سەر بە فەیلەقی قودسن.