عه‌لی حوسێن: هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ نه‌هێشتنی ساردی نێوان پارتی و یه‌كێتی
K24 – هه‌ولێر:
عه‌لی حوسێن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه كوردستانی و عێراقییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگه‌یاند، هه‌وڵێك له ئارادایه بۆ ئه‌وه‌ی ساردی نێوان پارتی و یه‌كێتی بڕه‌وێته‌وه و ئه‌زموونی په‌نجا ساڵی رابردوو سه‌لماندوویه‌تی ئێمه ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌نجامی پێویست به‌ده‌ستبهێنین. گوتیشی: پارتی و گۆڕان له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆدا جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه.
له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، عه‌لی حوسێن گوتی: له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه كرایه‌وه، كه ئێمه و گۆڕان هاوبه‌شین له حكومه‌ت و به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه له هه‌موو روویه‌كه‌وه.
گوتیشی: په‌یوه‌ندی ئێمه و عێراق و له‌شكركێشی وڵاتانی هه‌رێمایه‌تی، كۆرۆنا، چاكسازی، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا به درێژی و به راشكاوی باس كران.
سه‌باره‌ت به رێكخستنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له رووی سیاسییه‌وه، كه ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه بوو، عه‌لی حوسێن گوتی: باس له به‌رپرسیارێتی پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و یه‌كڕیزی لایه‌نه‌كان كرا و هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌زانین، له هه‌ندێك بواری تایبه‌تدا كه پێویستی به یه‌كڕیزی بووه، ره‌نگه بۆشاییه‌ك درووست بووبێت و ئه‌مه‌ش پێویستی به پێداچوونه‌وه هه‌یه.
روونیشیكرده‌وه، سێ لایه‌نی سه‌ره‌كی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت پارتی و یه‌كێتی و گۆڕانن و شه‌ریكین له حوكمڕانی و تیمی حكومه‌ت هه‌ماهه‌نگی باشیان له نێوانه و هه‌ست به هیچ جۆره ناكۆكییه‌ك ناكرێت، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه پێویستی به نزیككه‌وتنه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كان به تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی هه‌یه. به‌رپرسیارێتییه‌كه قورسه و ره‌وشه‌كه له هه‌موو روویه‌كه‌وه ئاڵۆزه و ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م دۆخه لێكنزیكبوونه‌وه هه‌بێت. له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش باس له ساردی نێوان پارتی و یه‌كێتی كرا و به دڵنیاییه‌وه جوڵه‌یه‌كیش هه‌یه بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و ساردییه و نه‌هێشتنی ئه‌و بێ متمانه‌ییه‌ی درووست بووه. یه‌كێتی نیشتمانی سه‌ركردایه‌تییه‌كی نوێی هه‌یه و روانگه‌یه‌كیان هه‌یه و به‌شێكی ره‌نگه په‌یوه‌ست بێت به كێشه‌كانی خۆیانه‌وه و ره‌نگه كۆسپ بێت له‌وه‌ی نه‌توانن بڕیاری پێویست بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بزانن چۆن و به چ شێوه‌یه‌ك بینای په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ پارتی بكه‌ن، به‌ڵام ته‌ئكید ئه‌مه نابێت له‌سه‌ر حسابی ته‌بایی و یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌كان بێت. پێویسته ئێمه سوود له ئه‌زموونی رابردوومان وه‌ربگرین و خه‌ڵكی به ئه‌زموون ئێستا واجیهه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نین و ئه‌وانیش پێویستیان به ئه‌زموون و كات هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سوود له ئه‌زموونی رابردوو وه‌ربگرن له بنیاتنانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پارتی.
هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی له په‌نجا ساڵی رابردوو، كارمان له‌سه‌ری كرد، ئه‌نجامی باشی نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه به یه‌كه‌وه و به هاوبه‌شی توانیمان ئه‌نجامی باش به‌ده‌ستبهێنین.
سه‌باره‌ت به عێراقیش گوتی: گرفتی ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا له 2003ه‌وه تا ئێستا هه‌وراز و نشێوی زۆری به خۆوه بینیوه، هه‌ر كاتێك به‌غدا پێویستی به مادده‌ی ده‌ستووری هه‌بووبێت به ویستی خۆی راڤه‌ی كردووه. هه‌ر كاتێك هه‌رێمی كوردستان یه‌كڕیز بووبێت، به دڵنیاییه‌وه هه‌ڵوێستی ئێمه به‌هێز بووه و به‌غدا زیاتر ملی بۆ داخوازییه‌كانی كورد داوه.
عه‌لی حوسێن باسی له‌وه‌شكرد، ئابووری عێراق كه پشتی به نه‌وت به‌ستووه، رووبه‌ڕووی قه‌یران بووه‌ته‌وه. راڤه‌ی ئه‌وان بۆ مامه‌ڵه‌كردن جۆرێك بووه، هی ئێمه جۆرێكی دیكه بووه. هه‌ندێك مادده‌ی ده‌ستووری پێویستیان به یاسا هه‌بووه، تا ئێستا بۆیان ده‌رنه‌كراوه و خراپی ره‌وشی ئابووری و كۆرۆنا و ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌كی و نه‌بوونی یه‌كڕیزی هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه و به‌غدا نه‌گه‌ینه ئه‌نجامی پێویست.