لە سلێمانی پیاوێك كوڕەكەی بریندار كرد و خۆی كوشت

"باری تەندروستی كوڕەكە ناجێگیرە"

K24 - سلێمانی

پیاوێك لە شاری سلێمانی كوڕەكەی بەسەختی بریندار كرد و پاشان خۆی كوشت، بە گوێرەی زانیارییەكان پێش خۆ كوشتنی ھاوسەرەكەی ئاگادار كردووەتەوە، كە كوڕەكەی كوشتووە.

سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: "كاتژمێر بەرەبانی ئەمڕۆ شەممە، پیاوێك لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد گولـلەیەكی لەسەری كوڕەكەی داوە و پاشان خۆشی كوشتووە".

روونیشیكردەوە: "پیاوەكە تەمەنی 54 ساڵە و دوای ئەوەی وا دەزانێت كوڕەكەی مردووە، تەلەفۆن بۆ هاوسەرەكی دەكات كە لە ماڵ نەبووە و پێی راگەیاندووە، كە كوڕەكەی كوشتووە و خۆشی دەكوژێت".

سەركەوت ئەحمەد، راشیگەیاند: "كوڕەكە تەمەنی 23 ساڵە و ئێستا لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە و باری تەندروستی ناجێگیرە".

به‌ڕێوه‌به‌ری راگه‌یاندن و په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ پۆلیسی‌ سلێمانی ئاشكرای دەكات: "كێشە لەنێوان باوك و كوڕەكەدا هەبووە".

ھ.م