لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان: ده‌ستكاری مووچه‌ی شه‌هیدان ناكرێت

نابێت ھیچ مەترسییەك بۆ سەرمووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان درووست بكرێت
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایگه‌یاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران دڵنیایی داوە، كە نابێت ھیچ مەترسییەك بۆ سەرمووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان درووست بكرێت.

جەلال محەمەدئەمین، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ تیمی حكوومەت، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێی راگەیاندوون، كە چەند جارێك سەرۆكی حكوومەت تەئكیدی لەوە كردووەتەوە، نابێت ھیچ مەترسییەك بۆ سەرمووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان دروست بكرێت.

دووپاتیشیكردەوە، بۆ ئەم مەبەستە سەرجەم ئەو بڕگانەیان لابردووە، كە مەترسی بۆ سەر مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان درووست دەكەن.

ھەر ئەمڕۆ و پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە زاری سەرۆكی دیوان و وتەبێژ و سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، دڵنیایی دایە مووچەخۆران كە بەپێی پڕۆژەیاساكە ماف و مووچەی كەس نابڕدرێت، بەتایبەتی كەسوكاری شەھیدان و ئەنفالكراوان كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جەختی لەسەر كرایەوە.