دهربهنديخان.. شوێنهوارى پهرستگايهكى سهردهمى ساسانييهكان
K24 – ههولێر:
ئەم پەرستگا (ئاتەشگا)یە، کەوتووهتە نزیکی سەر رۆخی رووباری سیروانی شارۆچكهی دەربەندیخان لە بەشی باشووری گردۆکەی شاڕوون(شاخەڕوون) لەبەشی رۆژهەڵاتی شارۆچكهكه.
ئەم شوێنهواره مێژوویە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیيەکان كه لە ساڵانی (227 پ ز بۆ 651ز) فەرمانڕەوایەتیان له ناوچهكه كردووه.
شوێنەوارەکە بە بەرد و قسڵ و قوڕی ئامادەکراوی کلسین و درووستکراوە و لە کاتی خۆیدا دار و ئاسنیشی تێدا بەکارهێنراوە.
له بارهى ئهو پهرستگايهوه، کۆچەر کەریم حەمە، شوێنەوارناس بۆ كوردستان24 روونيكردهوه، كه ئەو پەرستگایە لە کاتی خۆیدا بۆ رێوڕەسمی ئاینی زەردەشتی بنیاتنراوە و لەم جێگایەدا لەلایەن موغانی ناو پەرستگاکەوە سەرپەرشتی شوێنەکە کراوە و باس و زانیاری و رێنیشاندەری بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەم جێگایە کراوە خراوەتە پێش چاو.
گوتيشى: پەرستگاکە لە کۆندا یەکێک بووە لە گەورەترین و بەناوبانگترین پەرستگاکانی سەر ڕێگای (تەیسەفۆن - شیز - شارەزوور ).
ئاماژهى بۆ ئهوهشكرد، لە ناوەڕاستی پەرستگاکەدا شوێنی پهيكهرى پیرۆز ههيه، کە لە پەرستگای زەردەشتيیەکاندا بە پیرۆزترین شوێن دەستنیشانکراوە، ئەم پهيكهره رووەو خۆرهەڵات درووستکراوە، بەشێوەی مەیلەو چوارگۆشە، ئەم جێگایە شوێنی ئاگری پیرۆزە و بە دەوریدا رێڕەوێکی درووستکراوە و لەکاتی رێوڕەسمی ئاینی بەدەوری ئاگرەکەدا وەستاون یاخود سوڕاونەتەوە و سروودی ئاینیان خوێندووە.
کۆچەر کەریم حەمە باسى لهوهشكرد، لە کنەوپشکنیندا لە یەکێک لە ژوورەکانی لای بەشی رۆژهەڵاتی پەرستگاکە لە ژێر گڵدا کوپەڵەیەک دۆزرایەوە کە خۆڵەمێشی ئێسک و پرووسکی دوو کەسی تێدابوو کە لەناو خۆڵەمێشەکەدا چەند کەرەستەیەکی جوانکاری ئافرەتانەی وەک: تەوقە و مستیلەی تێدابوو کە دیارە یەکێک لە کەسەکان ئافرەت بووە و دوای مردنیان لەسەر وەسیەتی خۆیان جەستەیان سوتێنراوە و دواتر خۆڵەمێشی جەستەیان لەو کوپەڵە نراون و کە ئەمەش لە بیروباوەڕی ئاینەکەدا نەریتێکی باو بووە.
فۆتۆ : کاروان یارە