ژمارەیەك لایەن ھەڕەشەی بایكۆتكردنی پرۆسەی سیاسی دەكەن

ھەندێك لایەن لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەكان ناڕازین
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

به‌شێكی لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی بایكۆتی پرۆسه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن. پێشتر لایەنە ناڕازییەکانی کوردستان دەیانگوت، ساخته‌كارییه‌كی زۆر لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا کراوەو بەردەوام ئەنجامەکانیان رەتدەکردەوە، سەرەنجام نوێنەرەکانییان نارد بۆ پەرلەمانی عێراق و بایکۆتیشیان نەکرد، ئێستاش ھەمان رەخنەی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیان بۆ ھەڵبژاردنەکەی ھەرێمی كوردستان هه‌یه‌ و دەڵێن، رەنگە بە تەواوی بایکۆتی پرۆسەی سیاسی بکەن.

ھەڵمەت محەمەد، ئەندامی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بە كوردستان24 راگەیاند: "گۆڕان ھێشتا بڕیاری بایكۆتی نەداوە، چاوەڕێی ئەنجامەكانی كۆتایی دەكات، بەڵام دەبێ ئەوە لەبەرچاوبگرین ھەرێمی كوردستان تەواو جیاوازە لە عێراق، ئەگەر لە ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمانیش نەبین دەیان رێگەی مەدەنی بۆ فشار ھەیە بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سیاسی ھەرێم دانەبڕێین، بەڵام ژینگەی سیاسی بەغدا تەواو جیاوازە".

یەکگرتوی ئیسلامی كوردستان، بەدەر نەبوو لەو لایەنانەی کە بەردەوام دەیانگوت ئەگەری بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق کراوەیە، بەڵام وەك لایەنەکانی دیکە چوونەوە بۆ بەغدا، ئێستاش دەڵێن ئەمجارە بارودۆخی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان تەواو جیاوازە، بۆیە لە سەر ئەو بنەمایە بڕیار دەدەن.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دەڵێت: "لەبەر ئەوەی ئەو قەیرانەی رووبەڕووی عێراق بووەتەوە ھەمان قەیران بەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەگرێت، بۆیە لە ھەردوولا ئەو بابەت بە كراوەی ماوەتەوە، یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێویستی بە ئیسڵاحیەتە و گەشە بە بەرنامەكان بدات، خەریكی پڕۆژە ستراتیژییەكانی بێت".

بەڕێوەچوونی ئەو دوو ھەڵبژاردنە و رەخنەی لایەنە ناڕازییەکان لە پڕۆسەکە وایکرد کە دەست بۆ ھەموو فشارەکان ببەن، بۆ گێڕانەوەی ئەو دەنگانەی کە خۆیان دەڵێن لێیان براون، بەڵام لە بەغدا فشارەکانیان کاری خۆی نەکرد، بۆیە روون نییە ئەو فشارانەی لە کوردستان دەیکەن، تاچەند دەتوانێت رازیان بکات و بارودۆخیان بگۆڕێت.