ئازارەكانی كیمیاباران كۆتاییان نایە

کەسوکاری بێسەروشوێنانی کیمابارانی ھەڵەبجە چاوەڕێی شادبوونەوە بە رۆڵەکانیان دەکەن
kurdistan24.net

K24 - هه‌ڵه‌بجه‌:

پاش تێپەڕبوونی 30 ساڵی تەواو بەسەر کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەڵام بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی ئەو پارێزگایە لەکاتی کیمیابارانەکە و بە تایبەت لە وڵاتی ئێران لەکەس و کاریان دابڕاون، کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەش دەڵێن حکوومەتی عێراق بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانە ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە .

خەدیجە رەحمان, دایکی یەکێک لەو منداڵانەیە کە لەکاتی کیمابارانی ھەڵەبجەدا منداڵێکی لە شاری پاوە لێ ون دەبێت، ئەو وەکو ھەر یەکێک لە قوربانیانی کارەساتی ھەڵەبجە خاوەن چیرۆکێکی تراژیديیە، ھاوسەرەکەی پاش ھەشت رۆژ لە کیمیابارانی ھەڵەبجە گیان لەدەست دەدات, کوڕێکی دیکەشی ھەر بەھۆی کاریگەريی ئەو چەکانەوە, لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا گیانی لەدەستداوە.

کوڕە ون بووەکەشی ناوی بەھجەتە و تەمەنی ٢ساڵ بووە، ئەو دەڵێت بە سێ شەھیدەوە, خاوەنی مووچەیەکی 500 ھەزاریم, کە بەشی کڕینی چارەسەرە پزیشکيیەکانم دەکات.

دوای رووخانی ڕژێمی بەعس بەردەوام داوا لە حکوومەتەکانی عێراق کراوە, کارێک بکات بۆ دۆزینەوەی بێسەر و شوێنانی ھەڵەبجە، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی ھەڵەبجەش دەڵێت، داوا لە حکوومەتی بەغدا کراوە داواکاريیەک پێشکەش بە ئێران بکات, بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە, بەڵام ھیچ ھەنگاوێکی کرداریی نەناوە.

به‌ گوێره‌ی ئامارێک لە دوای ساڵی 2017وە نزیکەی 74 خێزان داوای 109 منداڵ دەکەن، لە ساڵانی رابردووش نزیکەی 13 منداڵ بە کەس و کارە ڕاستەقینەکانیان شادبوونەوە, بەڵام دواتر بەشێک لەو کەیسانە کێشەی تێکەوت و ئێستا رەوانەی دادگایەک کراوە لە وڵاتی بەریتانیا.

 

ا. م