سه‌ره‌ڕاى كاريگه‌رييه‌كانى كوده‌تا شكستخواردووه‌كه‌ ئابوورى توركيا رووى له‌ گه‌شه‌يه‌

دوای ئەو رووداوە بە رادەیەكی بەرچاو توانیویانە سەرنجی وەبەرھێنەران بەلای خۆیاندا رابكێشنەوە و ئاستی گەشەی ئابووریش بە بەراورد بەساڵی رابردوو بەرزبكەنەوە.
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

ساڵێك بەسەر ھەوڵی كودەتا سەبازییەكەی توركیا تێپەڕده‌بێت و بە گوێرەی ئامارە فەرمییەكانی توركیاش دوای ئەو رووداوە بە رادەیەكی بەرچاو توانیویانە سەرنجی وەبەرھێنەران بەلای خۆیاندا رابكێشنەوە و ئاستی گەشەی ئابووریش بە بەراورد بەساڵی رابردوو بەرزبكەنەوە.

 

حكومەتی توركیا بڵاویكرده‌وە كودەتاكەی ساڵی رابردوو زیانی زیاتر لە 10 ملیار دۆلاری بە توركیا گەیاندووە.

 

حكومەتی توركیا لەماوەی یەك ساڵدا رێوشوێنی توندی بەرامبەر ئەو دامەزراوە و كۆمپانیانە گرتەبەر كە لەلایەن دەسەڵاتدارانی توركیا تۆمەتباركرابوون بە تێوەگلان لە كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەی تەممووزی ساڵی رابردوو، حكومەتی توركیا لەبەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، كە نزیكەی یەك ھەزار كۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەكی كە پاڵپشتی كودەتاكەیان كردبوو یاخوود سەر بە جەماعەتی فەتحوڵڵا گولەن بوون، لەلایەن حكومەتەوە دەستیان بەسەرداگیراوەو خاوەنەكانیشیان بەشێكیان دەستگیركراون و ژمارەكیشیان بۆ دەرەوە ھەڵاتوون.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، لەماوەی 12 مانگی رابردوو داھاتی ئەو كۆمپانیانەی لەلایەن حكومەتەوە بەڕێوەدەبردرێن گەیشتووه‌تە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار و  ھەروەھا زیاتر لە 46 ھەزار ھەلی كاری نوێی رەخساندووە لەھەمانكاتدا لەماوەی یەك ساڵ پشكی كۆمپانیاكانی بۆ زیاتر لە 11 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

 

بەگوێرە راپۆرتە جیھانیيەكان دوای یەك ساڵ ھێشتا كاریگەری نەرێنی كودەتا سەربازیيەكە بەسەر كەرتی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتیاری توركیا ماوەتەوە، بەجۆرێك زۆربەی زۆری كۆمپانیا بیانییەكان لەگەڵ سەرھەڵدانی كودەتاكە دەستیان لە پڕۆژەكان ھەڵگرت و توركیان بەجێھێشت، بەڵام بانكی ناوەندی توركیا بڵاویكردەوە، بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرھێنانی دەرەكی بە رێژەی لەسەدا 65 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینوە و تەنیا لەماوەی مانگی ئایاری ئەمساڵ بە بەھای 915 ملیۆن دۆلار وەبەرھێنانی دەرەكی لە توركیا كراوە.

 

بەھەمان شێوەش دەستەی ئاماری یەكێتی ئەوروپا لە راپۆرتێكيدا بڵاویكردەوە، لەچارەگی یەكەمی ئەمساڵ ئاستی گەشەی ئابووری توركیا بەرێژەی لەسەدا 3.1 بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و ھەروەھا دۆخی گەشتیاری و وەبەرھێنان تا رادەیەك جوڵەی تێكەوتووە، بەڵام ناگاتەوە دۆخی بەر لە كودەتاكە.

 

سەرەڕای ھەوڵەكانی حكومەتی توركیا بۆ راكێشانی سەرنجی وەبەرھێنەران و گێڕانەوەی متمانە بۆ وەبەرھێنەران، بەڵام بەگوێرەی ئاژانسە ئابوورییە نێودەوڵەتیيەكان دوای ساڵێك له‌ كودەتا سەربازییەكە دۆخی ئابووری توركیا تا ئێستاش بەناجێگری ماوەتەوە.