تورکمانەکان بۆ بەشداریی لە حکوومەت خۆیان یەکلا کردەوە

هەڵوێستیان لەبارەی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک دەخەنەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

ئەمڕۆ دوو شەممە 11/02/2019، شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە تورکمانییەکان کۆبوونەوە و تیایدا بەشداری کردنی تورکمانەکان لە حکوومەتی داهاتوو یەکلا کرایەوە.

په‌یامنێری كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ شاندێكی پارتی كه‌ پێكهاتبوون له‌ هۆشیار زێباری، عه‌لی حوسێن، دڵشاد شه‌هاب و فرسه‌ت سۆفی سه‌ردانی لایه‌نه‌ توركیمانه‌كانیان به ‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، مونا قەهوەچی، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمانی رایگەیاند: "ئێمە بە گوێرەی ئیستحقاقی نەتەوەیی بەشداری حکوومەتی داهاتوو دەکەین و داوا دەکەین بەرژەوەندی لایەنە تورکمانییەکان پارێزراو بێت".

لەبارەی رۆلی تورکمانەکان لە پرسە نەتەوەیەکان، مونا قەهوەچی رایگەیاند: "ئێمە لە رابردوو هەڵوێستی نیشتیمانیمان هەبووە و پشتگیری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک بە زووترین کات دەکەین".

ئاماژەی بەوەشدا: "ئەگەر هێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناو شاری کەرکووک، لایەنە جیاوازەکانی کەرکووک پارێزراو نابن".

بڕیاره‌ له‌دوای كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ توركمانه‌كان، شانده‌كه‌ی پارتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كریستیانه‌كانیش کۆببێتەوە.

هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم بەردەوامە و لە دوو هەفتەی رابردوو، پارتی و یەکێتی چەند هەنگاوێکی ئەرێنیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت ناوە.

H.J