به ڤيديۆ.. بۆمبابارانكردنى عفرين ببينه
K24 – هه‌ولێر:
سوپاى توركيا و فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى له كاتژمێر 05:00ى ئێواره‌ى ئه‌مڕۆوه به هێرشى زه‌مينى و ئاسمانيان بۆ سه‌ر عفرين ده‌ستپێكرد.
ئه‌و هێرشه له لايه‌ن توركياوه ناوى لێنراوه "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتوون".
يه‌په‌گه له راگه‌يه‌ندراوێكدا ئاشكرايكرد، 6 هاووڵاتى و 3 شه‌ڕڤانى يه‌په‌گه له ئاكامى بۆمبا‌باران و تۆپبارانى ئه‌مڕۆى سوپاى توركيا بۆ سه‌ر عفرين گيانيان له‌ده‌ستداوه.
به گوێره‌ى زانيارى سه‌رچاوه به‌رپرسه‌كانى يه‌په‌گه، هه‌ريه‌ك له گونده‌كانى: گردو، شنكيله، شيخورزه، راجۆ، غه‌زاويه، كه‌فيره، ناحيه‌ى شێراوا، حه‌ج حه‌سنا و چه‌ندين ناوچه و گوندى ديكه بۆمبابارانكراوون.
يه‌په‌گه راشيگه‌ياندووه، بۆمبابارانى فڕۆكه‌كان زۆرتر بۆ سه‌ر 10 ناوچه‌ى هه‌ره قه‌ره‌باڵغى عفرين ئه‌نجامدراوون.
هاوكات ميليشياكانى سه‌ر به سوورياى ئازاد، كه ئه‌مڕۆ له رێگه‌ى پاسى تايبه‌ته‌وه له توركياوه ره‌وانه‌ى سنوورى عفرين كراوون ئاماده‌كارى بۆ هێرشى زه‌مينى ده‌كه‌ن.
يه‌په‌گه رايگه‌ياندووه، هێشتا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌واو رووى نه‌داوه و له دووره‌وه ته‌قه له جوڵه‌ى هێزه‌كانى يه‌كتر ده‌كه‌ن.
هه‌ريه‌ك له گونده‌كانى ئاقيبه، بليلكا، حجيكا، شاخى بليل، عه‌ين دقنه و بيلونيه به چڕى بۆمبابارانكراوون.
له شاره كوردييه‌كانى رۆژئاواى كوردستان هاووڵاتيان رژاونه‌ته سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئيدانه‌ى هێرشه‌كانى سه‌ر عفرين ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا له راگه‌يه‌ندراوێكدا رايگه‌ياند، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى 2018، كاتژمێر (05:00) هێرشى توركيا بۆ سه‌ر عفرين له ژێر ناوى "ئۆپراسيۆنى چڵه زه‌يتون" ده‌ستيپێكرد.
ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ بۆمبابارانكردنى شارى عفرين له لايه‌ن فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى توركياوه.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا بن عه‌لى يه‌ڵدرم رايگه‌ياند، هێزى ئاسمانيمان و فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى سوپا ده‌ستيان به بۆمبابارانى عفرين كردووه.
سه‌رۆك وه‌زيرانى توركيا دووپاتيكرده‌وه، ئه‌وان به‌رده‌وام ده‌بن له بۆمبابارانكردنى عفرين و ئامانجيان له‌ناوبردنى "سته‌مى" په‌يه‌ده‌يه.
هاوكات سه‌رۆكايه‌تى ئه‌ركانى سوپاى توركيا رايگه‌ياندووه، ئامانجيان له ناوبردنى داعشه له عفرين.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كردووه، هێزه‌كانى په‌كه‌كه و په‌يه‌ده و يه‌په‌گه له عفرين ده‌كه‌نه ئامانج.