له كه‌ركووك پلانێكى نوێى ئه‌منى خرايه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌يه‌كى ئه‌منى له كه‌ركووك رايگه‌ياند، پلانێكى نوێى ئه‌منى بۆ پارێزگاكه خراوه‌ته بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه.
گوتيشى: "هيچ هێزێكى حه‌شدى شه‌عبى و پۆليسى ئيتيحادى له شوێنه‌كانى خۆيان له باشوورى كه‌ركووك پاشه‌كشێى پێ نه‌كراوه".
ئه‌و سه‌رچاوه ئه‌منييه له لێدوانێكدا بۆ سۆمه‌ريه‌نيوز، به بێ ئه‌وه‌ى ناوى بهێنرێت، سه‌رچاوه‌كه روونيكردووه‌ته‌وه، "پلانى نوێى ئه‌منى كه‌ركووك خراوه‌ته كار".
جه‌ختيشى له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه، "ره‌وشى ئاسايشى كه‌ركووك پارێزراوه و له هه‌ر شوێنێك جموجۆڵى داعش ببينرێت، به‌ره‌نگارى ده‌بينه‌وه".
رۆژى چوارشه‌ممه‌ى رابردوو، (27ى حوزه‌يران/ يۆنيۆى 2018)، پارێزگارى كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت راكان سه‌عيد جبوورى داواى له سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى كردبوو، "هێزى ئه‌منى زياتر ره‌وانه‌ى كه‌ركووك بكات".
جێبه‌جێكردنى پلانى نوێى ئه‌منى كه‌ركووك دواى ئه‌وه دێت، به‌رپرسانى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له كه‌ركووك هۆشداريان له "شڵه‌ژانى ره‌وشى ئه‌منى كه‌ركووك دابوو".
هه‌روه‌ها له به‌ياننامه‌يه‌كدا مه‌ڵبه‌ندى دووى كه‌ركووكى يه‌كێتى "هۆشدارى" له سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى مه‌ترسى داعش له سنوورى كه‌ركووك دابوو.
هاوكات شه‌وى رابردوو، له تۆڕه كۆمه‌ڵايه‌تييه‌كان به‌كارهێنه‌رانى كورد له كه‌ركووك ئاماژه‌يان به "خراپى" ره‌وشى ئاسايشى شاره‌كه كردبوو.
په‌يجه هه‌واڵييه كوردييه‌كانى كه‌ركووك له فه‌يسبووك بڵاويانكردبوويه‌وه، كه "پۆليسى كه‌ركووك خراوه‌ته ئاماده‌باشييه‌وه".
تا ئێستا هيچ رووداوێكى ئه‌منى له سنوورى شارى كه‌ركووك رووى نه‌داوه.
ئه‌مڕۆش په‌يامنێرى كوردستان24 له كه‌ركووك له راپۆرتێكدا تيشكى خسته سه‌ر "بۆچوونى" ژماره‌يه‌ك له هاووڵاتيانى كوردى كه‌ركووك.
ئه‌و هاووڵاتييانه له رێى كوردستان24ه‌وه داوايان ده‌كرد، "هێزى پێشمه‌رگه بگه‌ڕێته‌وه شاره‌كه‌يان بۆ ئه‌وه‌ى ئاسايش و سه‌قامگيرى كه‌ركووك پارێزراو بێت".
له به‌رامبه‌ر داواى گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه و ئاسايش بۆ كه‌ركووك، كه له ئێستادا يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان "پێداگيرى" له‌سه‌ر ده‌كاته‌وه، ئه‌نجومه‌نى عه‌ره‌بى شاره‌كه و به‌ره‌ى توركمانى به "توندى" دژى ئه‌و هه‌وڵانه وه‌ستاونه‌ته‌وه.
توركمان و عه‌ره‌به‌كانى كه‌ركووك رايانگه‌ياندووه، "هه‌موو هه‌وڵێكده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى رێگه نه‌ده‌ن پێشمه‌رگه و ئاسايشى كورد بگه‌ڕێنه‌وه كه‌ركووك".
به هۆى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ره‌وه، سوپا و حه‌شدى شه‌عبى گه‌ڕانه‌وه كه‌ركووك و هێزى پێشمه‌رگه و ئاسايش له شاره‌كه پاشه‌كشێيان كرد.
ئ.ڕ