یەكێتی بۆ پارتی: دەبێ ریفراندۆم ئامانجەكە بەدیبھێنێ

"نابێ‌ رێگە بدەین مێژوو بگەڕێتەوە چوارگۆشەی پیلانگێڕی"

K24 - ھەولێر

مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەبۆنەی 71 ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیامێك ئاراستەی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە دەكات و رایدەگەیەنێت، نابێ‌ رێگە بدەین مێژوو، بگەڕێتەوە چوارگۆشەی پیلانگێڕیی و دەبێ ریفراندۆم ئامانجەكە بەدیبھێنێ.

لە پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ھاتووە: "نابێ‌ هەلەكە لەدەست بدرێ‌ بۆ تێكشكاندنی ئەو پیلانانەی لەسەر چارەنوسمان هەیە. ناشكرێ‌ لەم سەردەمەشدا، دەوڵەتان رێكبكەون‌و هاوكێشەی بەرژەوەندخوازییان بەسەر گەلاندا بسەپێننەوە. نەخێر.. كوردو گەلانی دیكەش لەمەیدانەكەین‌ و مافی دیموكراسیمان دەوێ‌. نابێ‌ رێگە بدەین مێژوو، بگەڕێتەوە چوارگۆشەی پیلانگێڕیی. ریفراندۆم، دوای تاقیكردنەوەی رێگەگەلی دیكە، دەستەبەری ستراتیژی هەلومەرجەكەیە، پرۆسەی ریفراندۆم، دەبێ‌ ئامانجەكانی بەدیبهێنێ‌‌".

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەدا یەكێتی ئاماژە بۆ ئەوەكراوە: "ئومێدەوارین، هەلومەرجەكە، بە دوربینی ‌و خوێندنەوەی قوڵی هاوكێشەكان، بقۆزینەوە بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی ریفراندۆم، كە گەلەكەمان پێی رازی بێ‌. ئەمەش، یەكڕیزیی نیشتمانیی ‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ و چارەسەری تەنگوچەڵەمەی ئابوری خەڵكی دەوێ"‌.

 

 

دەقی پەیامەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان

 

بەرێز مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

بەرێزان ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی

بەسڵاوێكی دۆستانەی گەرمەوە، بەناوی جەنابی مام جەلال‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتیەكەمانەوە، پیرۆزبایی یادی (71) ساڵەی پارتە تێكۆشەرەكەتان لێدەكەین‌و لەرێگەی مەكتەبی سیاسی بەرێزیشتانەوە، پیرۆزبایی لەتێكڕای كادرو ئەندامانی پارتیتان دەكەین.

 

هاوسەنگەران!

ئەم یادەتان، لەهەلومەرجێكدایە، كە نەتەوەكەمان‌و ئەزمونی باشوری كوردستان، لەناو بارودۆخێكی چارەنوسسازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ناوچەكەو عێراق‌و بەشەكانی كوردستان، رۆژژمێری ئایندەیەكی سەركەوتوی هەڵدەداتەوە.

وا جەنگی داعش لە شەڕی بەرەیی‌و ناوشارەكان، لەكۆتاییدایە. دۆخی سیاسی ناوچەكەو چەندین وڵاتی سەردەمی سایكس پیكۆ، بەتایبەتی سیستەمەكانیان، كەوتونەتە بەر پرس‌و پرسیاری تەمومژاوی. حكومەتەكانی ناوچەكە، هەروەكو سەدەی بیستەم، تەنها بەرژەوەندی ئابوری‌و ئاسایشی بەزۆر سەپێنراوی ناوخۆیان مەبەستە. خەباتی دیموكراسی لەناوچەكەو لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، مەخابن، لەدوای بەناو بەهاری عەرەبیشدا، كرایە قوربانی بزوتنەوە كۆنخوازەكان‌و بەرژەوەندی دەسەڵاتەكان. لەم نێوەندەدا نەتەوەی كورد، بە خەبات‌و قوربانیی، لەبەشەكانی كوردستاندا، باشتر لەچەندین حكومەتی داتاشراوی سەپێنراوی پیلانی سایكس پیكۆ، توانی، داعش تێكبشكێنێ‌‌و پێشمەرگەش ناوبانگی ئازادیپارێزی جیهانیان پێبەخشرا.

بەرێزینە!

ئەگەر بەدرێژایی مێژوو، داگیركەرو كۆڵۆنیالیزم رێیان لە خەباتی چارەی خۆنوسین گرتبێ‌، ئەوا لەم سەردەمەدا، زیاتر لەهەموو سەردەمێكی تر، چارەنوسی كوردستان كەوتۆتە دەستی سەركردایەتی سیاسی باشوری كوردستان‌و دەزگا شەرعییەكەی پەرلەمان. بۆیە، یادی پارتی بە هەل دەزانین جەخت بكەینەوە كە:

نابێ‌ هەلەكە لەدەست بدرێ‌ بۆ تێكشكاندنی ئەو پیلانانەی لەسەر چارەنوسمان هەیە. ناشكرێ‌ لەم سەردەمەشدا، دەوڵەتان رێكبكەون‌و هاوكێشەی بەرژەوەندخوازییان بەسەر گەلاندا بسەپێننەوە. نەخێر.. كوردو گەلانی دیكەش لەمەیدانەكەین‌و مافی دیموكراسیمان دەوێ‌. نابێ‌ رێگە بدەین مێژوو، بگەڕێتەوە چوارگۆشەی پیلانگێڕیی. ریفراندۆم، دوای تاقیكردنەوەی رێگەگەلی دیكە، دەستەبەری ستراتیژی هەلومەرجەكەیە، پرۆسەی ریفراندۆم، دەبێ‌ ئامانجەكانی بەدیبهێنێ‌‌و دونیاو ناوچەكەش، پێویستە دڵنیابن، كوردی سەردەمی جیهانگیری، كوردی سەردەمی پیلانەكانی لۆزانی روخاندنی حكومەتی مەلیكیی شێخ مەحمودو روخاندنی كۆماری مەهابادی ئەتڵەسی‌و جینۆسایدی جەنگی سارد، نییە. بۆیە، ئومێدەوارین، (هەل)‌و (مەرج)ەكە، بە دوربینی ‌و خوێندنەوەی قوڵی هاوكێشەكان، بقۆزینەوە بۆ سەرخستنی ئامانجەكانی ریفراندۆم، كە گەلەكەمان پێی ڕازی بێ‌. ئەمەش، یەكڕیزیی نیشتمانیی ‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان‌ و چارەسەری تەنگوچەڵەمەی ئابوری خەڵكی دەوێ‌.

جارێكی تر، یادی (71) ساڵەی دامەزراندنی پارتەكەتان، پارتی دیموكراتی كوردستان، پیرۆز بێ‌.

مەكتەبی سیاسی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

16/ی ئاب/ی 2017