بۆ بەستنی كۆنگرە فشار دەخرێتە سەر سەركردایەتی یەكێتی

بڕیاردراوە كە كۆبوونەوەی ھاوبەش ئەنجامبدەن

K24 - ھەولێر

دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوە لە ماوەی رابردوودا یەكێتی نیشتمانی كوردستان، نەیتوانی رۆژی بەستنی كۆنگرە دیار بكات، ئێستا جارێكی دیكە فشار دەخرێتە سەر ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بۆ ئەوەی لە دوو رۆژی داھاتوودا بەھاوبەشی لەگەڵ ئەنجوومەنی ناوەندی حزبەكەی كۆببێتەوە و بڕیار لە بەستنی كۆنگرەی سێی حزبەكە بدەن.

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات لە دواكۆبوونەوەیاندا بڕیاریانداوە كە لە 15 ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی كۆبوونەوەیەكی ھاوبەش ئەنجام بدەن و پرسی كۆنگرە یەكلایی بكاتەوە.

لە راگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی ھاتووە: "بەكۆی دەنگی هەڤاڵانی ئامادەبوو بڕیاردرا كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی لە رۆژی 15ی شوباتی 2018، ئەنجام بدرێت و لەو كۆبوونەوە هاوبەشەدا پێكەوە بڕیار لەسەر رۆژی بەستنی كۆنگرە بدەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجوومەنی ناوەندی نوسراوی رەسمی ئاڕاستەی سەرجەم هەڤاڵانی سەركردایەتی دەكات و پرسی كۆنگرە یەكلادەكەنەوە".

ئەمە لەكاتێكدایە، لە ماوەی رابردوودا ئەنجوومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكانیاندا ھەوڵی زۆریاندا پرسی كۆنگرە یەكلایی بكەنەوە و كۆنگرە ببەستن، بەڵام بەھۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە نەتوانرا ھیچ بڕیارێك بدرێت.