كۆسرەت رەسول پەیامێك ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات

"بەرەنگاربوونەوەی تەحەدیاتەكان تەنها بە یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكرێ"

K24- هه‌ولێر:

لە یادی 73 ساڵەی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی كرد.

ده‌قی په‌یامی پیرۆزبایی جێگری سكرتێری گشتیی ‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان:

‎بەڕێز: كاك مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

‎بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان

‎لە یادی حەفتاوسێ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەناوی خۆم و هەڤاڵانم لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاراستەی جەنابت و ئەندامانی سەركردایەتی و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، دەخوازین بەردەوام بن لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری گەلەكەمان و بەدیهێنانی مافە ڕەواكانمان.

‎دۆخی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ئەوە دەخوازێ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان بەیەك گوتاری هاوبەشی نیشتمانی و نەتەوەیی ساز و ئامادەبن، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدیاتەكان و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوتی زیاتر بۆ گەلەكەمان، بێگومان ئەمەش تەنها بەیەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان دەكرێ.

‎ئەزموونی چەند ساڵەی حوكمڕانی لەكوردستان ئەوەی سەلماندووە، كە تەنهاو تەنها بەیەكگرتوویی دەتوانرێ باشترین خزمەت پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێ و بەرەنگاری هەموو هەوڵێكی تیرۆرستان و مەترسی بۆ سەر خاكەكەمان بین.

‎جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمی خۆمانتان ئاراستە دەكەین و هیوادارین بەردەوام بن لە خەبات و تێكۆشان.

‎كۆسرەت ڕەسول عەلی، ‎جێگری سكرتێری گشتیی ‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

H.B