"له عێراق و سووریا شه‌ڕ ده‌كه‌ین نه‌ك ئه‌مریكا"
K24 - هه‌ولێر:
به‌رپرسان و شاره‌زایانی ئه‌مریكا ده‌ڵێن: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا تا كاتێكی نادیار له عێراق و سووریا ده‌مێننه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له سیناریۆی شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ گرووپه چه‌كداره‌كانی ناوچه‌كه له خاكی ئه‌مریكادا بگرن.
سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كانی ئه‌مریكا ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی بڵاویانكردووه‌ته‌وه كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، سه‌ركرده‌كانی هه‌ر دوو پارتی كۆماری و دیموكراته‌كانی له كۆنگرێس ئاگاداركردووه‌ته‌وه كه خۆیان ئازادن له‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌كی یاسایی بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌دۆزینه‌وه یان نا.
سه‌رچاوه‌كان وێنه‌ی نووسراوی به‌رپرسانی كۆشكی سپی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌یان بۆ سه‌ركرده‌كانی كۆنگرێس بڵاوكردووه‌ته‌وه. له یه‌كێك له‌و وتارانه‌دا هاتووه "مه‌ترسییه‌كانی داعش به‌رده‌وامه له‌سه‌رمان، راڤه‌یه‌كی یاسایی بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان له عێراق و سووریا تا كاتێكی نادیار بدۆزنه‌وه".
ده‌یڤید تراكنبێرگ، جێگری وه‌زیری به‌رگری بۆ كاروباری سیاسی له نامه‌یه‌كدا بۆ (تیم كین) سیناتۆری دیموكراته‌كان له ویلایه‌تی ڤێرجینیا) نوسیوویه‌تی: "زۆر له‌باره‌ی كاتی كشانه‌وه‌ی ھێزه‌كانمان پرسیار ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له رابردوو ده‌كرا، به‌ڵام ئێمه پێش كاتی گونجاو هێزه‌كانمان له عێراق كشانده‌وه‌و كێشه و گرفت درووستبوو، ئیستاش داعش چاوه‌ڕوانی ئه‌و رۆژانه‌یه دووباره ببنه‌وه تا كۆنترۆڵی ئه‌و ناوچانه بكاته‌وه كه له ده‌ستیداوه یان نیوه‌یان بخاته‌وه ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی".
ماری وۆته‌رز، یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه بۆ كاروباری یاسادانان، له نامه‌یه‌كی دیكه‌دا بۆ سه‌ركرده‌كانی كۆنگرێس ده‌ڵێت: "به‌دوای پاساودا ناگه‌ڕێین تا شه‌ڕ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی سووریا یان ئه‌و هێزانه بكه‌ین كه ئێران له سووریا پاڵپشتیان ده‌كات، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا دوو دڵ نابین له به‌كارهێنانی ھێزی پێویست و گونجاو بۆ پاراستنی هێزه‌كانمان له‌وێ یان ھێزه هاوپه‌یمانه‌كانمان كه پێكه‌وه كار بۆ شكستهێنان به داعش و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژموونی رێكخراوی قاعیده ده‌كه‌ین".
به‌ڵام جاك گۆڵدسمیس، مامۆستای یاسا له زانكۆی هارڤارد و راوێژكاری یاسایی له وه‌زاره‌تی دادی سه‌رده‌می سه‌رۆك بوشی كوڕ ده‌ڵێت: "سووربوونی سه‌رۆك تره‌مپ و گه‌وره به‌رپرسانی ئیداره‌كه‌ی بۆ دۆزینه‌وه‌ی پاساوێكی یاسایی بۆ مانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و سووریا، هیچ نییه جگه له پاساوێكی لاواز دوای پاساوێكی لاوازتر".
هه‌روه‌ها كیم، سیناتۆری دیموكراته‌كان، ره‌خنه له پاساوه یاساییه‌كانی تره‌مپ ده‌گرێت گوتوویه‌تی: "تره‌مپ وه‌ك پاشایه‌كه ده‌یه‌وێت دوای هه‌ر جه‌نگێك جه‌نگێكی دیكه هه‌ڵبگیرسێنی".
كه‌ناڵی "سی ئێن بی سی" ئه‌مریكی زنجیره‌یه‌ك لێدوانی له‌باره‌ی ئاینده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له عێراق و سووریا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و شاره‌زایان ئاماژه‌یان به درووشمێكی سه‌رۆك بوشی كوڕ كردووه كاتێك پاش هێرشه‌كانی ساڵی 2001 هێزی ئه‌مریكای نارده ئه‌فغانستان و گووتی "ده‌چین له‌وێ شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین تا ناچار نه‌بین له‌سه‌ر خاكی ئه‌مریكا شه‌ڕیان بكه‌ین".
ئاماندا سلۆت، شاره‌زا له سه‌نته‌ری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌وروپا كه سه‌ر به په‌یمانگای برۆكینگزه له واشنتن ده‌ڵێت: "ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا چاوه‌ڕوانی ئه‌وه نه‌بووه ره‌وشی له ناوچه‌كه بگاته ئه‌وه‌ی ئێستا گیرۆده‌ی بووه. سه‌رۆك ئۆباما هه‌ر چه‌نده گوشاری زۆریان لێده‌كرد، به‌ڵام ره‌تیكرده‌وه هێز بنێرێت تا رووبه‌ڕووی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د ببنه‌وه، هه‌ر چه‌نده گووتیشی ئه‌سه‌د ھێڵی سووری به‌زاندووه‌و هۆشداریشی پێدا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئۆباما شه‌ڕی ئه‌سه‌دی نه‌كرد".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، تره‌مپ رووبه‌ڕووی هه‌مان پرسیار بووه‌ته‌وه و ده‌بێت له خۆی بپرسێ، ئه‌ویش ده‌رباره‌ی شه‌ڕكردنه له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د، له‌كاتێكدا به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی هێزه‌كانی توركیا له سووریا ره‌وشه‌كه ئاڵۆزتر بووه. چونكه چه‌كداره ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی سووریا شه‌ڕی رژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د له شه‌ڕی داعش به گرنگتر ده‌زانن و توركیا شه‌ری كورده‌كانی له شه‌ڕی داعش به‌لاوه گرنگتره و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش شه‌ڕی داعش له هه‌موو شه‌ڕه‌كانی دیكه به گرنگتر ده‌زانێت".
له‌وباره‌یه‌وه بوڵنت عه‌لیڕه‌زا، به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌ی توركی له سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و نێوده‌وڵه‌تی (سی ئێس ئای ئێس) له واشنتن ده‌ڵێت: "ترس له داعش پاش شكستهێنانی زۆر زیاتره له‌و ترسه‌ی پێش درووستبوونی داعش هه‌بووه. ئه‌مریكا و ئه‌وروپا ده‌ترسن پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش به‌رده‌وام بێت و پاشماوه‌ی داعشه شكستخواردووه‌كان دزه بكه‌نه وڵاتانی رۆژئاوا".
هه‌فته‌ی رابردوویش دان كۆتس، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی هه‌واڵگری ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (سی ئای ئه‌ی) گووتی: "سه‌ره‌ڕای ئه‌و گورزانه‌ی به‌ریان كه‌وتووه‌و ئه‌و شكستانه‌ی له عێراق و سووریا به‌سه‌ریاندا هاتووه، به‌ڵام ھێشتا داعش هه‌ڕه‌شه‌یه، كۆتاییهێنانی یه‌كجاره‌كی به داعش وه‌ك كوشتنی ئه‌خته‌بووت وایه.