بارزانی: بە هیچ شێوەیەك قابلی قبوڵ نییە هێزێك سنووری كوردستان ببەزێنێ و بیەوێت ئیرادەی خۆی فەرز بكات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا ره‌وشی جه‌نگی تیرۆر و رێككه‌وتنی نێوان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق و ئه‌مریكا تاوتوێ ده‌كه‌ن
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

له‌ میانی دیدارێكی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ، فه‌رمانده‌ی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا، بارزانی رایگه‌یاند" بەر لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ هەرێمی كوردستان داوای كرد كە پلانی سەربازی و پلانی سیاسی و ئیداری بە یەكەوە هەبێ، چونكە پێشبینیی سەرهەڵدانی كێشەی تازە دەكرا، بەڵام جێگەی داخە كە كار بۆ پلانی سیاسی و ئیداریی قۆناغی دوای داعش نەكراوە. ئەگەر ئامانجی جموجۆڵەكان له‌ ڕۆژئاوای موسڵ و باشووری شنگال شەڕی تیرۆریستانی داعش بێت كێشە نییە، بەڵام ئەگەر هەوڵ هەبێت بۆ پیادەكردنی ئەجێندای تر جگە لە شەڕی تیرۆر ئەوە گرفتی گەورەتر سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی لەدەستچوونی دەستكەوت و سەركەوتنەكانی دژی تیرۆر.

هه‌روه‌ها گووتی" بە هیچ شێوەیەك قابلی قبوڵ نییە هێزێك سنووری كوردستان ببەزێنێ و بیەوێت ئیرادەی خۆی فەرز بكات. خەریكە ئەو هۆكارانەی كە بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش دووبارە دروست ببنەوە".

له‌و دیداره‌دا كه‌ جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا و ژمارەیەك بەرپرس و ڕاوێژكاری سوپا و باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا ئاماده‌یبوون، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ناوەڕۆكی نامەیه‌كی وەزیری بەرگریی ئەمەریكای بۆ سەرۆك بارزانی خستووه‌ته‌ڕوو كە تێیدا پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە لە لایەن ئەمەریكا دووپات كراوەتەوە و وەزیری بەرگری ئه‌مریكا سوپاسی خۆی ئاراستەی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە كردووە بۆ سەركەوتنەكان لەدژی داعش و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق.

 هەروەها، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا ئاماژەی بەوەدا كه‌ "بە بێ پێشمەرگە و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە مەحاڵ بوو كە لەدژی تیرۆریستانی داعش سەركەوتن بەدەست بهێنرێت. ئەوەیشی خستەڕوو كە هێشتا ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ئێمەیە و شەڕی تیرۆر ماوە، بۆیە پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە.

لەبەرانبەردا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی ئەمەریكای كرد بۆ پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە و ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ.

لەبارەی ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكانیش، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، وێڕای نیشاندانی ڕەزامەندیی خۆی لە هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق ئاماژەی بەوەدا كە بە پێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و ئەمەریكا و حكوومەتی عێراق بڕیار بوو كە هەموو لایەك پابەندی ئەو خاڵانە بن كە بۆیان دیاری كراوە. ڕێككەوتنیش لەسەر ئەوە كرابوو كە پێشمەرگە و سوپا هێزێكی هاوبەش پێك بهێنن بۆ پاككردنەوەی باشووری شنگال و ڕۆژئاوای تەلەعفەر لە تیرۆریستان، سوپای عێراق سەرقاڵی شەڕی موسڵ بوو و، پێشمەرگەیش پابەندی ڕێككەوتنەكە بوو و بەهۆی ڕێككەوتنەكە جووڵەی نەكرد، لەم نێوەدا حەشد بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ هیچ لایەك جموجۆڵی لەو ناوچانە دەست پێ كرد و لە ئەنجامدا دۆخێكی ئاڵۆز خوڵقێندراوە. ئەم دۆخەیش سەلمێنەری ئەوەیە كە نیگەرانییەكانمان لە نەبوونی ڕێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەشوێن خۆی بووە.

له‌ كۆبوونەوەكه‌دا محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری پارتی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم و و ژمارەیەك بەرپرسی سەربازی و سیاسیی هەرێمی كوردستان ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون.