"16ـی ئۆكتۆبه‌ر زیانی بۆ دیپلۆماسیەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاش ھەبوو"

ئۆپەراسیۆنەکە ھی قاسم سولەیمانی بوو بەھاوکاری سوپای قودس و میلیشیا عیراقییەکان و بەداخەوە لایەنێکی سیاسی کوردیشیان لەگەڵدا بوو"

K24 - هه‌ولێر:

ئەمریکیەکان دەڵێن رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر ساڵی ڕابردوو تەنیا گورزێک نەبوو بۆ خەون وئامانجی کوردستانیان ، بەڵکو زیانی بۆ دیپلۆماسیەت و بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاش ھەبوو.

شارەزایانی کاروباری عیراق و ناوچەکە لە واشنتۆن لە دوای تێپەڕ بوونی ساڵێک بەسەر بەدەستەوەدانی کەرکوک لەوبڕوایەدان، ئاکامەکانی ھێرش و داگیرکاریەکەی حەشدی شە عبی لە 16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا زیانێکی زۆری بۆ پلان وسیاسەتی ئەمریکا ھەبوو لە عێراقدا، ئەمە جگە لەو گورزەی بەھێزەی بەر پێگە و ڕۆڵی کورد کەوت بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی کوردستانیان بەتایبەتی لە شاری کەرکوکدا.

بەڕای ئەمریکیەکان ئەزموونی ئەو پێشکەوتن و دیموکراسیەتەی لە ھەرێمی کوردستان بەدی دەکرا ، ببوو بە مەترسیەک بۆ ئەجینداکانی زۆر لایەن و کەسایەتی لە عیراق و ناوچەکەدا ، ئەمریکاش لە چوارچێوەی بەرژەوەندیەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەبێ ھەوڵی زیاتر بدات بۆ بەردەوامیی پێشکەوتن و مانەوەی پێگەی بەھێزی ھەرێمی کوردستان.

16ـی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 بە ڕای زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لە واشنتۆن لاپەڕەیەکی ھەستیاری گۆڕانکاریەکان بوو لە ھاوکێشەی سیاسی کوردیدا ، یاریەکەش کۆتایی نەھاتووە  بۆیە لەم قۆناغەدا شەقام وسەرکردایەتی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەبێ زۆر ژیرانە لەگەڵ پێشھاتەکان مامەڵە بکەن و گەڕاندنەوەی تەبایی و یەک ماڵ بوونی کورد ئامانجی سەرەکییان بێ.

جۆن ھانا  شارەزا لە کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست   پەیمانگای داکۆکیکردن لە دیموکراسیەت ده‌ڵێت: "بێگومان ئۆپەراسیۆنەکە ھی قاسم سولەیمانی بوو بەھاوکاری سوپای قودس و میلیشیا عیراقییەکان و بەداخەوە لایەنێکی سیاسی کوردیشیان لەگەڵدا بوو، دەبێ ئەمریکا دانوستانێکی بەھێز بکات لەگەڵ کورد و بەغدا بۆ گەڕاندنەوەی ئاسایش لە کەرکوک و بێ پێشمەرگەش ھەرگیز ئەم کارە نایەتەدی".

سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی چەند جارێک بەبەغدایان گووتوە کە ھەرێمی کوردستان مۆدێلێکە بۆ سیستەمێکی ئابووری سەرکەوتوو کە بەردەوامیی دەدات بە گەشەکردنی ئەم ناوچەیە و دەتوانن سەربەست بن لە ئیدارەکردنی دارایێکی سەربەخۆ بۆخۆیان.