داوا لە حكوومەتی عێراق دەكرێت یاسای بودجە جێبەجێ بكات

"دەبێ لیژنەكان كاری لەسەر لەسەر بكەن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نووسراوی بۆ حکوومەت کردووە و داوا دەکات، بە زوویی یاسای ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، کە بۆ لە 14%  زیاد کراوە، رەوانە بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو یاسایە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و حکوومەتی عێراق ھەر 317 ملیارەکەی پێشووی ناردووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ھۆکارەکەی بۆ دەرچوونی ئەو رێنمایی و رێکارانەی لە وەزارەتی داراییەوە دەردەکرێن، دەگەڕێننەوە.

لە سەرەتای ھەموو ساڵێکدا کێشەی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا سەرھەڵدەداتەوە، بۆ ئەمساڵیش ئه‌گه‌رچی حکوومەتی عێراق بڕیاریدا بە ناردنی بەشە بودجەی ھەرێمی کوردستان، به‌ڵام وێڕای ئه‌وه‌ی لە 11/2/2019 لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق ژمارە 4552 بڵاو کرایەوە، بە پەپێی یاسا دەبوو بڕیارەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، كه‌چی بەغدا ھێشتا 317 ملیارەکەی پێشووتری ناردووە.

دانا جەزا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 ی گوت: "رەنگە ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم ھەندێك دوا بكەوێت، چونكە كاری دەوێت، نوێنەرانی كورد لە بەغدا لەسەر خەتن، لەو بڕوایە دام ئەو بابەتە یەكلا دەبێتەوە، بەڵام ئێستا دەبێ عێراق ئامادەكاری بۆ ئەو پارەیە بكات كە ساڵانە دەینێرێت، ھەروەھا چاوەڕێی ئەو بڕە پارەیەش دەكەن، كە ھەرێم لە داھاتی نەوت رادەستی بەغدای دەكاتەوە. ئێمە چاوەڕێین لە چەند ھەفتەی داھاتوودا پشكی ھەرێمی كوردستان یەكلا ببێتەوە".

عادل عەلدولمەھدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ھەفتانەی خۆیدا رایگەیاند، میکانیزمی ناردنی نەوت و بەشە بودجەی ھەرێم ھەیە و پێویستی بە رێککەوتنی نوێ نییە، دەبێت ھەرێم مانگانە 250 ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ بکات و لەسەر ئەوەش رێککەوتووین. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراقیش لە فراکسیونی یەکگرتووی ئیسلامی پێی وایە، ئەگەر حکوومەتی ھەرێم و بەغدا پابەندبن بەو مەرجانەی  لەسەر ناردنی نەوت و بودجە دانراون، ئەوا کێشە لە بەشە بودجەی ھەێم دروست نابێت و لە ماوەیەکی کەمدا ئەو بڕەی لەسەری رێكکەوتووین، بۆ ھەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێت.

موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێ: "لە یاسای بودجەی عێراق بە كۆمەڵە مەرجێكەوە پشكی ھەرێمی كوردستان دیاركراوە، ئەمەش پێویستی بە رێككەوتنی ھونەری ھەیە، دەبێ لیژنەكان كاری لەسەر بكەن، دواكەوتنەكە تەنھا پەیوەندی بەمەوە ھەیە، نەك نەناردنی".

ھ.م