هەموو زانیارییەک دەربارەی فیلەری گەورەکردنی لێو

پزیشکێکی ئەمەریکی زانیاری لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو

K24 – هه‌ولێر:

تەنها ساڵی پار، 15.7 ملیۆن نەشتەرگەری جوانکاری لە ئەمەریکا ئەنجامدراوە و 2.7 ملیۆن لەو نەشتەرگەرییانەش تایبەت بوون بە گەورەکردنی لێو لە رێگای فیلەر.

ئاژنسی فۆکس نیوز چاوپێکەونتێک لەگەڵ دەیڤد کانجێلۆم، پسپۆری نەشتگەری جوانکاری لە نیویۆرک، ئەنجام دەدات و زانیاری ورد لە بارەی فیلەر و نەشتگەری جوانکاری گەورەکردنی لێو دەخاتەڕوو.

فیلەر چییە؟

فیلەر لە ترشی هیالورۆنیک پێکهاتووە، لە رێگای دەرزی لە شانە نەرمەکانی لێودەدرێت. فیلەر سیفەتی هایدرۆفیلیکی هەیە، واتا ئاو بۆلای خۆیان رادەکێشن، ئەمەش وادەکات قەبارەی لێو زیادبکات.

چەند دەمێنێتەوە؟

ماوەی شەش بۆ 12 مانگ دەمێنێتەوە، بەڵام دوای ساڵێکیش کاریگەرییان هەر دەمێنێت و قەبارەی لێو وەکو پێشووی لێنایەتەوە.

نرخەکەی لە ئەمەریکا چەند؟

بەگوێرەی رێژە و شێوازی جوانکارییەکە دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی نرخی ئەو نەشتەرگەرییە جوانکارییە لە نێوان 850 بۆ 900 دۆلارە.

کێ ناتوانێت فیلەر بەکاربهێنێت؟

ئەو ژنانەی دووگیانن یاخود شیر بە منداڵەکانیان دەدەن باشترە فیلەر بەکارنەهێنن، ئەگەرچی بەڵگەیەکی پزیشکیی نییە بۆ ئەوە بەڵام پزیشکان هێشتا دڵنیانین لەوەی ئەو جۆرە ژنانە دەتوانن بەکاری بهێنن. هەروەها ئەو ژنانەی هەستیارن بە ماددەی فیلەر، نابێت بەکاریبهێنن.

کاریگەرییە لاوەکییەکانی فیلەر چین؟

هەڵئاوسان یاخود سووربونەوەی لێو رەنگە دوای نەشتەرگەرییەکە بەدیاربکەوێت. ئەگەرێکی زۆر کەمیش هەیە کەسەکە دووچاری هەستیاری(حەساسییەت) و هەوکردن ببێت.

چۆن ئەو کارە بە باشی و سەرکەوتووی ئەنجام بدرێت؟

دەبێت ئەو کەسەی کە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کارەکە پزیشک بێت و رێگا پێدراوبێت چونکە گەورەکردنی لێو بە فیلەر جیا لە شارەزایی پزیشکی پێویستی بە شارەزایی هونەری هەیە.

گەر کەسێک پەشیمان بێتەوە، دەتوانێت لایبدات؟

بەڵێ دەکرێت، ئەگەر فیلەری راستەقینە بەکارهێندرابێت ئەوا دەتوانیت لە رێگا هیالورۆنیک جارێکی دیکە بیتوێنیتەوە.

H.J