ترەمپ بۆ ماکرۆن: ئەمەریکا نەبوایە فەرەنسییەکان بە ئەڵمانی قسەیان دەکرد

ترەمپ نازییەکان بە بیری ماکرۆن دەخاتەوە

K24- هه‌ولێر:

لە ماوە دوو هەفتەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و ئیمانیۆل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا چەند لێدوانێکی دژ بەیەکییان داوە.

ماکرۆن، ترەمپی توڕەکرد کاتێک رایگەیاند، ئەوروپا دەبێت سوپایەکی تایبەت بەخۆی هەبێت تاوکو بتوانێت خۆی بپارێزێت لە هەڕەشەکانی چین، رووسیا و ئەمەریکا.

ترەمپیش لە وەڵامدا رایگەیاند، باشترە ئەوروپا سەرەتا بەشە پارەی ناتۆ بدات.

لە میانی مەراسیمی یادکردنەوەی کۆتایهێنان بە جەنگی یەکەمی جیهانی لە پاریس، بە ئامادەبوونی ترەمپ، ماکرۆن چەند جارێک دروستکردنی سوپایەکی بۆ ئەوروپا دوپاتکردەوە و رەخنەشی لەو سەرۆکانە گرت کە نەتەوە پەرستن.

ئەمڕۆ سێشەممە و لە دوای گەڕانەوەی لە پاریس، دۆناڵد ترەمپ لە رێگەی هەژماری خۆی لە تویتەر پەیامێکی ئاراستەی ماکرۆن کرد و نووسیویەتی: "ئیمانیۆل ماکرۆن پێشنیازی دروستکردنی سوپایەک بۆ خۆی دەکات تاکو ئەوروپا لەدەست ئەمەریکا، چین و رووسیا بپارێزێت".

دەشڵێت: "بەڵام ئەڵمانیا لە جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی ئەمەیکرد، ئەمەچی بەخشییە فەرەنسا؟ ئەوان خەریک بوو دەستیان دەکرد بە زمانی ئەڵمانی لە پاریس تا ئەمەریکا هات".

ترەمپ جارێکی دیکە پارەکەی ناتۆ بیری ماکرۆن دەخاتەوە و نووسیویەتی: "پارەکەی ناتۆ بدە".

بەهۆی سیاسەتەکانی ترەمپ، ئەمەریکا و ئەوروپا پەیوەندییان وەک پێشوو نەماوە، ئەوروپا بێزارە لەوەی ترەمپ بەردەوام داوای پارەی زیاتر لە ئەروپا لە پێناو پاراستنیان دەکات.

H.J