ئه‌ڵمانیا و دانیمارك داعشه‌كانیان وه‌رناگرنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
هه‌ر یه‌كه له ئه‌ڵمانیا و دانیمارك، داواكه‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكایان ره‌تكرده‌وه، كه داوای له وڵاتانی ئه‌وڕوپی كردبوو، ئه‌و هاووڵاتییانه‌یان وه‌ربگرنه‌وه، كه له‌ناو ریزه‌كانی داعشدا له سووریا شه‌ڕیان كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی بیانبه‌نه‌وه و له وڵاته‌كانی خۆیان، دادگاییان بكه‌ن.
له‌وباره‌یه‌وه وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا رۆژی یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند: "ئه‌ڵمانیا ناتوانێ ئه‌و داعشه ده‌ستگیركراوانه بگه‌ڕێنێته‌وه، مه‌گه‌ر رێگه‌یان پێبدرێت سه‌ردانی كونسوڵخانه بكه‌ن، به‌و رێگه‌یه ئه‌گه‌ری هه‌یه به‌رلین به ده‌نگ داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكاوه بچێت، كه له هاوپه‌یمانه ئه‌وڕوپییه‌كانی كردووه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه مایكڵ یه‌نسن، گوته‌بێژ به‌ناوی سه‌رۆك وه‌زیرانی دانیمارك گوتوویه‌تی: "دانیمارك رێگه به گه‌ڕانه‌وه‌ی داعشه‌كان نادات، ئه‌وانه وه‌ك مه‌ترسیدارترین كه‌سه‌كانی جیهان ناو ده‌برێن، بۆیه پێویست نییه پێشوازییان لێبكه‌ین".
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو، تره‌مپ داوای له بریتانیا، ئه‌ڵمانیا، فه‌ڕه‌نسا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ی ئه‌وڕوپی كرد، زیاتر له 800 ئه‌ندامی داعش، كه خاوه‌ن وڵاتینامه‌ی وڵاتانی ئه‌وڕوپین، بگه‌ڕێننه‌وه و له وڵاته‌كانی خۆیان دادگاییان بكه‌ن. ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش له‌و ناوچانه ده‌ستگیركراون، كه هێزه‌كانی هه‌سه‌ده كۆنتڕۆڵیان كردووه.