به ڤیدیۆ.. قورئانخوێنێكی میسری سوره‌تی فاتیحه له‌گه‌ڵ میوزیك ده‌خوێنێته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه، هێرشێكی توند ده‌كرێته سه‌ر "عه‌لی عه‌ره‌بی" كه قورئانخوێن و مه‌لوودخوێنێكی میسرییه و له یه‌كێك له مزگه‌وته‌كان سوره‌تی فاتیحه له‌گه‌ڵ میوزیك و ته‌پڵ ده‌ڵێته‌وه.
ئه‌و پیاوه له رێگه‌ی كه‌ناڵی "دریم"ی میسرییه‌وه، وه‌ڵامی ره‌خنه‌گرانی دایه‌وه و رایگه‌یاند، سوره‌تی فاتیحه له چوارچێوه‌ی نزا "دوعا"یه و ئه‌و به‌شێكی لێده‌رهێناوه و وه‌ك مه‌ولوود ده‌یخوێنێته‌وه، نه‌ك ته‌واوی سووره‌ته‌كه.
له‌و په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌دا، له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كه، عه‌ره‌بی ده‌ڵێت: "شتێكی دیكه هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌و كاره دانراوی من نییه، ئه‌و شته زیاتر له 50 ساڵه هه‌یه و له گونده‌كانی ته‌واوی كۆماری میسر ده‌گوترێته‌وه".
روونیشی كرده‌وه، هێرشه‌كه له‌لایه‌ن كه‌سانی ئاینییه توندڕه‌وه‌كان و چالاكوانه‌كانی تۆڕة كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كراوه‌ته سه‌ری و ئامانجیش لێی درووستكردنی ژینگه‌یه‌ك، یاخود جۆرێك له ئاژاوه‌یه له نێوان زانكۆی ئه‌زهه‌ر و سۆفیگه‌رێتی.
ده‌شڵێت: "من له‌وه ده‌ترسم خه‌ڵك به‌هۆی ئه‌و جۆره ئاژاوانه‌وه بكه‌ونه ناخۆشی، به‌تایبه‌تیش درووستكردنی ئاژاوه له نێوان ئه‌زهه‌ر و سۆفیگه‌رێتی له میسر، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ك من كردوومه داوای لێبوردن ده‌كه‌م".
هاوكات روونیشی ده‌كاته‌وه، ئه‌و وشانه‌ی به شێوه‌یه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی هه‌ڵبژاردووه و گوتوویه‌تیه‌وه، چونكه په‌نجا ساڵ زیاتر له میسر ئه‌و شته باوه.
له كۆتاییشدا، گوتی: "داوای لێبوردن له گه‌لی میسر و زانا ئایینی و ئیسلامییه‌كان و ئه‌زهه‌ر ده‌كه‌م"، دووپاتیشی ده‌كاته‌وه شتی له‌و جۆره دووباره ناكاته‌وه.
ا. م