له‌ توركیا داهاتى ساڵانه‌ى له‌شفرۆشى زياتر له‌ چوار مليار دۆلاره‌

ته‌نيا له‌ 8 ساڵی رابردوودا له‌ %220 ئه‌و بازرگانييه‌ زیادی كردووه‌

K24 – هه‌ولێر‌:

رۆژنامه‌ی زه‌مانی توركی له‌ راپۆرتێكدا بڵاويكرده‌وه‌، كاری له‌شفرۆشی له‌ توركیا روو له‌ زیادبوونه‌ و ته‌نيا له‌ 8 ساڵی رابردوودا له‌ %220 ئه‌و بازرگانييه‌ زیادی كردووه‌.

زیادبوونی ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ توركیا له‌ كاتێكدایه،‌ كه‌ یاساییه‌كی تایبه‌ت له‌ ساڵی 2004ده‌ركراوه‌ و له‌ ساڵی 2015 ـه‌وه‌ كاری پێ ده‌كرێت.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌، 650 خانه‌ى له‌شفرۆشى له‌ توركيا هه‌ن و ته‌نيا له‌ ئيسته‌نبوڵ 3 هه‌زار ئافره‌ت كاری له‌شفرۆشی ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها ژماره‌ی بازرگانانی له‌شفرۆشی گه‌یشتوه‌ته‌ زیاتر لە 300 هه‌زار كه‌س.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌، به‌هاى دراوى توركيا رۆژ له‌ دواى رۆژ رووى له‌ دابه‌زين كردووه‌.

له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، بەگوێرەی نوێترین ئامارەكانی بانكی ناوەندی توركیا، لە كۆتاییەكانی مانگی ئابی ئەمساڵ یەدەگی نەختینەی توركیا لە دراوی بیانیدا بۆ 70 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار دابەزيوه و هاوكات به‌هاى ليره‌ى توركيى به‌ رێژه‌ى له‌ سه‌دا 40 به‌رامبه‌ر به‌ دۆلار دابه‌زيوه‌.