چارەنووسی 700 منداڵی ئێزدی بندەستی داعش یەكلایی نەكراوەتەوە

جەعفەر سمۆ: 2600 منداڵی ئێزدی لە شنگال كەوتنە بندەستی داعش
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە دھۆك رایدەگەیەنێت، 2600 منداڵی ئێزدی لە شنگال كەوتنە بندەستی ئەو رێكخراوە و وەك چەكدار بەكاردەھێندران، تائێستاش چارەنووسی 700 منداڵ یەكلایی نەكراوەتەوە.

بە بۆنەی رۆژی جیھانی منداڵانی قوربانی جەنگ و دەستدرێژییەكان، جەعفەر سمۆ، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان لە دھۆك لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباشی كوردستان24، راگەیاند: "نزیكەی چوار ھەزار منداڵی ئێزدی بوونەتە قوربانی شەڕی داعش و دەستدرێژییەكان، زیاتر لە 2700 منداڵی دیكەی ئێزدی لەناو كەمپەكان دا بێ دایك و باوك ماون".

ئاماژەی بەوەشكرد: "لە سەرەتای ھاتنی داعش نزیكەی 2600 منداڵی ئێزدی لە شنگال كەوتنە بندەستی ئەو رێكخراوە و وەك چەكدار بەكاردەھێندران، تائێستاش چارەنووسی 700 منداڵی بندەستی داعش یەكلایی نەكراوەتەوە".

بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییەكان جەختیشی كردەوە، دوای چەند جارێك ھەوڵدان، بەڵام بۆ دۆزینەوە و یەكلاكردنەوەی چارەنووسی منداڵی بێسەروشوێن بوو لە ھەوڵەكانی حكوومەتی عێراق بێ ھیوا بوونە.