لایەنە ناڕازییەكان لە ھەولێر بایكۆتی پرۆسەی ژماردەنەوەی دەنگەكان دەكەن
K24 - ھەولێر
ھەریەك لە بزووتنەوەی گۆڕان و ھاپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی، رایانگەیاند، لە ھەولێر بایكۆتی پرۆسەی ژماردەنەوەی دەنگەكان دەكەن تا كۆمسیۆن داواكانیان جێبەجێ دەكات.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەو چوار لایەنە ئاماژەیان بەوەكرد: "داوایان كردووە كە كۆی دەنگەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەژمار بكرێنەوە، بەڵام كۆمسیۆن لە ھەولێر لە سێ ھەزار و 92 سندووق تەنیا دەنگی 215 سندووق بە دەست دەژمێرێتەوە، ھەروەھا بەشێك لەو سكاڵایانەی پێشكەشمان كردووە بە ھەند وەرنەگیراوە و دەنگەكانیان ناژمێردێنەوە".
ئەوەشیان خستەڕوو: "كۆمسیۆن لەژێر پرسیاردایە، چونكە وەڵامی تانەكانی ئێمەی نەداوەتەوە و بنەمای شەراكەتی راستەقینەی پێشێل كردووە، شەفاف نییە لە پێدانی زانیاری بە قەوارەكان".
ھەرچوار لایەنە ناڕازییەكە راشیانگەیاند: "بایكۆتی پرۆسەكە دەكەین تا كۆمسیۆن داواكانمان جێبەجێ دەكات".
ئەمە لەكاتێكدایە پێشتریش 7 لایەنی سیاسی لە سلێمانی بایكۆتی پرۆسەی ھەژماركردنەوەی دەنگەكانیان كردبوو.