شاره‌زايه‌كى رووس: ئه‌نقه‌ره و ديمه‌شق له پشتى كورده‌وه رێككه‌وتوون
K24 – هه‌ولێر:
له رۆژنامه‌ى فزگلياد، شاره‌زاى رووس، يه‌فگينى كرۆتيكۆڤ، له وتارێكدا نووسيويه‌تى: "ئه‌نقه‌ره و ديمه‌شق له دژى عه‌فرين له پشت كورده‌كانه‌وه رێككه‌وتوون".
له ژێر ناونيشانى "سووريا له به‌رامبه‌ر توركيادا، كورد ناچار به خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان ده‌كات" ئه‌و شاره‌زا رووسييه، ده‌ڵێت: "به درێژايى دوێنێ سێشه‌ممه راپۆرتى دژ به يه‌ك له باره‌ى چوونى هێزه‌كانى سووريا بۆ عه‌فرين بڵاوده‌كرانه‌وه. ئه‌نقه‌ره و ديمه‌شق، هه‌ڕه‌شه‌ى شه‌ڕى يه‌كدى ده‌كه‌ن، به هۆى ئه‌و شاره كوردييه‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ره‌نگه به‌ڵگه‌ى ئه‌وه له‌به‌ر ده‌ست بن، كه توركيا و سووريا به هۆى ئه‌و شاره‌وه، له پشت كورده‌كانه‌وه، گه‌يشتبنه رێككه‌وتن".
هه‌روه‌ها نووسيويه‌تى: "له واقيعدا، ديمه‌شق و ئه‌نقه‌ره گه‌يشتوونه‌ته رێككه‌وتنێكى رانه‌گه‌يه‌ندراو. توركيا به پێى رێككه‌وتنه‌كه رازييه هێزه سوورييه‌كان، يان هه‌ر هێزێك نوێنه‌رايه‌تى بكات بگه‌ڕێنه‌وه سنووره‌كان. ئاڵاى سووريا له عه‌فرين هه‌ڵكه‌ن. له به‌رامبه‌ريشدا سووريا ده‌سه‌ڵاتى بۆ ناوچه‌كه بگه‌ڕێته‌وه و به رواڵه‌تيش بێت، كۆتايى به بوونى يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل بهێنێت".
له وتاره‌كه‌دا هاتووه: "ديمه‌شق به‌و پێشنيازانه‌ى توركيا رازييه. ئه‌وه ته‌نيا ده‌رچه‌يه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى سووريا بتوانێت له رێگه‌يه‌وه ده‌سه‌ڵاتى بسه‌پێنێته‌وه به‌سه‌ر عه‌فرين و منبجدا. له‌و رێيه‌وه سوكايه‌تيش به ئه‌مريكاييه‌كان بكات".
نووسه‌ر باسى له‌وه‌شكردووه، "هه‌ر بۆيه ديمه‌شق داوا له يه‌كينه كوردييه‌كان ده‌كات، چه‌كه قورسه‌كانيان راده‌ست بكه‌ن. هێزه كوردييه‌كان له ناو هێزه‌كانى پۆليس جێبكه‌نه‌وه. يه‌كه ئيدارى و سه‌ربازييه سه‌ره‌كييه‌كان راده‌ستى سوپا ده‌كرێنه‌وه. ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ى راده‌ستكردنه. به‌ڵام رێساكانى يارييه‌كه ئه‌وه‌يه، كورده‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌و راده‌ستكردنه، داوا له سوپاى سووريا ده‌كه‌ن، له سه‌نگه‌ره‌كانى شه‌ڕدا به‌شدار بێت له‌گه‌ڵيان. له به‌رامبه‌ردا ئه‌مانيش رێگه‌يان داوه ئاڵاى سووريا له ناوه‌ندى عه‌فرين هه‌ڵبكرێت".
يه‌فگينى كرۆتيكۆڤ، ده‌شڵێت: "سه‌ركرده كوردييه‌كان له‌و باره‌يه‌وه، له‌گه‌ڵ سووريا له گفتوگۆدان. هه‌وڵى سازش له ئارادايه. له ميدياشدا وه‌ك يه‌ك ده‌ست و خۆڕاگر دێنه به‌رچاو. له رووى كرده‌وه‌وه، ئه‌وان خه‌ريكى دانووستانن له باره‌ى مه‌رجه‌كانى سووريا و توركيا. زيانمه‌ندى يه‌كه‌ميش سه‌ركرده مه‌يدانييه‌كانن، كه هێشتا خه‌ريكى به‌رگرين له به‌رامبه‌ر توركيا و هيچ شتێك سه‌باره‌ت به كرده‌وه‌ى سه‌ركرده سياسييه‌كانيان نازانن".
نووسه‌ر له كۆتايى وتاره‌كه‌يدا ده‌ڵێت: "پێويسته كێشه‌ى عه‌فرين چاره‌سه‌ر بكرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌و راستييه‌يه، كه هه‌موو لايه‌نه‌كان دركى پێده‌كه‌ن. گفتوگۆ ته‌له‌فۆنييه‌كانى نێوان ئه‌ردۆغان و پوتن و رووحانى به‌ڵگه‌ى زياتره له‌سه‌ر ئه‌م پرسه. پرۆژه‌ى چاره‌سه‌كردن له نێوان ئه‌نقه‌ره و ديمه‌شق له ئارادايه. بێگومان ئه‌مه‌ش له زيانى خواسته‌كانى كورده. سه‌ربارى ئه‌وه‌ش، ئه‌و پلانه وێناى هێزه سه‌ربازييه‌كانى كورد، ده‌شێوێنێ. له ئه‌ركى پاراستنى خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌وه ده‌گۆڕێن بۆ درێژكراوه‌ى هێزه‌كانى سوپاى سووريا".
ده‌ستپێكردنى هێرشه‌كانى توركيا بۆ سه‌رعه‌فرين، له 20ى كانوونى دووه‌م/ يه‌نايرى رابردوودا، دواى ئه‌وه بوو، كه توركيا له‌گه‌ڵ رووسيا گه‌يشته رێككه‌وتن بۆ به‌كارهێنانى ئاسمانى عه‌فرين، كه له ژێر هه‌ژموونى رووسيادا بوو.
هه‌روه‌ها رووسيا سه‌ربازه‌كانى خۆى له عه‌فرين پاشه‌كشێ پێكرد. ئه‌وان به‌ره‌و ته‌ل ره‌فعه‌ت جووڵه‌يان پێكرا. بۆ ئه‌وه‌ى سوپاى توركيا ده‌ستى كراوه بێت له بۆمبابارانكردنى عه‌فرين. هه‌روه‌ها سه‌ربازه رووسه‌كان زيانيان به‌رنه‌كه‌وێت.
له لايه‌ن خۆيه‌وه، يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل (يه‌په‌گه) و هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات (هه‌سه‌ده) و ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين، حكومه‌تى رووسيايان به "ناپاكى" كردن له كورد تۆمه‌تبار كرد. به‌ڵام مۆسكۆ ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى ره‌تكرده‌وه.
رێگه‌دان به له‌شكركێشييه‌كه‌ى سوپاى توركيا له لايه‌ن رووسياوه، دواى ئه‌وه هات، ئيداره‌ى كانتۆنى عه‌فرين، داواكارييه‌كى رووسياى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى حكومه‌تى سووريا بۆ عه‌فرين ره‌تكردبوويه‌وه.
له چه‌ند رۆژى رابردوودا، ئيداره‌ى خۆبه‌ڕێوبه‌رى عه‌فرين، له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سووريا گه‌يشته رێككه‌وتن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى سوپاى سووريا بۆ ناوچه سنوورييه‌كان، به‌رگريكردن له سه‌روه‌رى خاكى سووريا له دژى هێرشه‌كانى توركيا، دواى ئه‌وه‌ى يه‌كينه كوردييه‌كان بۆ ماوه‌ى زياتر له يه‌ك مانگ به‌ره‌نگارى هێرشه‌كانى دووه‌م گه‌وره‌ترين سوپاى ناتۆ بوونه‌وه، كه سوپاى توركيايه.
دوێنێ يه‌كه‌م كاروانى هێزه ميللييه‌كانى سه‌ر به حكومه‌تى سووريا گه‌يشتنه عه‌فرين. به‌ڵام توركيا ره‌تيكرده‌وه، رێگه‌يان دابێت هيچ هێزێكى سوپاى سووريا گه‌يشتبنه عه‌فرين.
سه‌رۆكى توركيا، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، هه‌ڕه‌شه‌ى له هه‌موو ئه‌و لايه‌نانه كرد، يارمه‌تى بۆ عه‌فرين ده‌نێرن. به‌ڵێنى به خه‌ڵكى توركيا دا، گه‌مارۆى ته‌واوه‌تى عه‌فرين بدات.
وتاره‌كه‌ى شاره‌زاى رووس، يه‌فگينى كرۆتيكۆڤ، كه سايتى رووسياليه‌وم پوخته‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه، دواى ئه‌وه دێت، له دوێنێوه، رووسيا له رووى ميدياييه‌وه داواى دانووستانى راسته‌وخۆى ديمه‌شق و ئه‌نقه‌ره ده‌كات. وه‌ك زه‌مينه سازييه‌ك بۆ به ره‌سمى ده‌ستپێكردنى دانووستانى نێوان ئه‌و دوو پايته‌خته.
دوێنێ سێشه‌ممه 20ى شوبات/ فێبرايه‌رى 2018، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى رووسيا له ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوتا پاكستانييه‌كه‌ى، خواجه محه‌ممه‌د ئاسف، گوتى: "چاره‌سه‌رى كێشه‌ى عه‌فرين، ده‌كرێت له رێى گفتوگۆى راسته‌وخۆى ئه‌نقه‌ره و ديمه‌شقه‌وه بێته‌دى".
لاڤرۆڤ گوتيشى: "سه‌باره‌ت به عه‌فرين، ئێمه به ئيراده‌وه له پاڵ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى په‌يوه‌ست به‌و پرسه‌ين. به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌رانه پێويسته له چوارچێوه‌ى يه‌كپارچه‌يى خاكى سووريادا بن".
هه‌روه‌ها گوتى: "به‌رژه‌وه‌ندى ره‌وا، بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى ئاسايشى توركيا، ده‌كرێت له رێى گفتوگۆى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى سووريا بێنه‌دى".
ئه‌وه‌شى گوت: "رووسيا د‌رك به مه‌ترسييه‌كانى توركيا ده‌كات. سه‌باره‌ت به‌و رووداوانه‌ى له سووريا و له ناوچه‌كانى هاوسنوورى رووده‌ده‌ن. له هه‌مانكاتدا، به سرووشتى حاڵ، د‌رك به داخوازى و هيواكانى كورد ده‌كه‌ين. به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئێمه دانى پێدا نانێين و به‌رهه‌ڵستى ده‌كه‌ين؛ هه‌وڵه‌كانى ياريكردنه به‌و خواستانه. به‌و مانايه‌ى هه‌ندێك هێزى ده‌ره‌كى له رێى ياريكردن به‌و خواستانه‌وه، ده‌يانه‌وێت له سووريا و ناوچه‌كه جێيان ببێته‌وه. به گوێره‌ى ئامانجگه‌لێكى تايبه‌تى خۆيان، كه هيچ په‌يوه‌ندييان به خواسته‌كانى گه‌لى كورده‌وه نييه. به‌ڵكو ئامانجيان به‌ديهێنانى ئامانج و مه‌به‌ستى جيۆسياسى ئاسۆبه‌رته‌نگى خۆيانه".
هه‌ر سه‌باره‌ت به عه‌فرين و پێشهاته نوێيه‌كانى ئه‌و پرسه و كاريگه‌رى له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى سياسى و سه‌ربازى ره‌وشى نوێى سووريا، ئاژانسى تاسى رووسى بڵاويكرده‌وه، دوێنێ سێشه‌ممه سه‌رۆكى رووسيا، ڤلاديمێر پوتن، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى رووسى كۆبووه‌ته‌وه.
له‌و باره‌يه‌وه دميترى بيسكۆڤ، گوته‌بێژى كۆشكى كرملين، به ئاژانسه‌كه‌ى راگه‌ياندووه، "له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، دوايين پێشهات و گۆڕانكارييه‌كانى ره‌وشى عه‌فرين تاوتوێكراوون".
ئ.ر